لەدێرەزۆر قەدەغەی هاتووچۆ راگەیەندرا
  2023-09-01       416       

ناوەندی پەیوەندییەكانی هێزەكانی سوریای دیموكرات لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند، قەدەغەی هاتووچۆ لە دێرەزۆر ڕاگەیەندراوە‌و سبەی بەیانی قەدەغەی هاتووچۆ دەستپێدەكات و بۆ ماوەی ٤٨ كاتژمێر بەردەوام دەبێت.

لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، "بەهۆی ئەو دۆخە ئەمنییەی كە گوندەكانی ڕۆژهەڵاتی دێرەزۆر پێیدا تێدەپەڕن، هەروەها بەهۆی ئەوەی گروپە چەكدارەكانی دەوروبەری دامودەزگا ئەمنییەكانی ڕژێم و شانەكانی داعش هەوڵی بڵاوبوونەوە دەدەن، ئەنجومەنی مەدەنی دێرەزۆر و هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ قەدەغەی هاتووچۆیان لە ناوچەی دێرەزۆر سەپاندووە".

راشیگەیاند " قەدەغەكردنەكە سبەی (٢ی ئەیلول) كاتژمێر كاتژمێر پێنج دەستپێدەكات و بۆ ماوەی ٤٨ كاتژمێر بەردەوام دەبێت".

ڕاشیگەیاند كە بۆ پاراستنی گیانی خەڵكی سڤیل و موڵك و ماڵیان لەئەستۆی ئەوانە‌و ڕێگە نادات چەكدارەكان لەناو خەڵكی سڤیلدا خۆیان بشارنەوە.

لای خۆیەوە ئیلهام  ئەحمەد سەرۆكی ئەنجومەنی سوریای دیموكرات مەسەدە لە تویتێكدا نووسی "بەداخەوە، ئەم پێكدادانانە لە خۆیانەوە دروستنەبوون. بەڵگە هەیە پیشانی دەدات كە ئەم ئاڵۆزیانە لە لایەن میلشیاكانی سەر بە ئێران و رژێمی سوریاوە هاندراون كە لە تەواوی ناوچەكەدا نائارامی و ناسەقامگیری دەنێنەوە."

ئیلهام ئەحمەد دەڵێت "تاران و دیمەشق دەیانەوێت وا پیشانی بدەن كە ئەمە شەڕێكە لە نێوان كورد و عەرەب، تاوەكو سەرنجی خەڵكی سوریا لەسەر خۆپیشاندانەكانی دژی حكومەتی بەشار ئەسەد لاببات".

 چەكدارانی سەر بە توركیا هێرشی سەر بارەگاكانی هەسەدە و سوپای رژێمی سوریایان كردووە لە ناوچەی منبج و شەڕی قورس روویداوە.

بەپێی سەرچاوەكان، شەوی رابردوو چەكدارانی سەر بە توركیا هێرشی سەر بارەگا سەربازییە هاوبەشەكانی سوپای سوریا و هێزەكانی سوریای دیموكراتیان لە دەوروبەری گوندی ئەلموحەسەلی و عەرەب حەسەن لە سنووری منبج كردووە و شەڕی دژوار روویداوە.

شەڕڤان دەروێش، وتەبێژی ئەنجومەنی سەربازی منبج رایگەیاند "هێزەكانیان لە هەموو ئەو خاڵانەی كە هێرشیانكراوەتە سەر هێرشەكانیان بەرپەرچ داوەتەوە".

ئاژانسی هاوارنیوز بڵاویكردەوە "هێزەكانی ئەنجوومەنی سەربازی منبج وەڵامی هێرشێكی زەمینی توركیایان دایەوە كە بۆ سەر لادێكانی باكوور و ڕۆژئاوای شاری منبج دەستیپێكردبوو".

ئاژانسەكە ئاماژەی بەوەشكردووە، بەهۆی ئەو هێرشەوە لە منبج چوار منداڵ كوژراون.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×