لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا چاودێرێکی ئاسایش دەردەکەوێت کە گوایە لە هەولێرەوە ستایشی سەدام حسێن دەکات و بە "پاڵەوان و شەهید" ناوی دەبات، وتەبێژی ئاسایشی هەولێرش لەوبارەیەوە، ڕایگەیاند، بەدواداچون بۆ ناسنامەی کەسە دەکەن چونکە پێداهەڵدانی سەدام لە هەولێر كوفرە.
ئاوێنە: عەقید ئەردەڵان، وتەبێژی ئاسایشی هەولێر، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ستایشکردنی سەدام لە هەولێرەوە وەکو کوفر وایە. ئێمە بە دواداچون بۆ ناسنامەی ئەو کەسە دەکەین، بزانین ڕاستە لە هەولێرەوە قسەیکردوە. گەر وابێت لێپێچینەوەی لەگەڵ دەکرێت."
لە بەرنامەیەکی کەناڵی عەهدی عێراقی کە ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردو پێشکەشکرا، یەکێک لە بەشداربوانی بەرنامەکە دەردەکەوێت بە ناوی ڕەبیع جەواری کە گوایە لە شاری هەولێرەوە وەکو چاودێری ئاسایش بەشدارە.
ستایشەکەی ئەو چاودێرە لە خولەکی 32ی بەرنامەکە دەستپێدەکات ئەو کاتەی میوانێکی تری بەرنامەکە بەناوی دکتۆر حەیدەر دەڵێت، "نەفرەت لە سەدام حسێن و ئەوانەشی کە بەهەر جۆرێک لە جۆرەکان پشتگیریان کردوە." لەو کاتەدا ڕەبیع جەواری بەمە توڕە دەبێت و وەڵامدەداتەوەو دەڵێت،"نەفرەتی خوا لە تۆ. پێڵاوی سەدام حسێن لە تۆ شەریفترە. نەفرەت مەکە لە سەدامی پاڵەوان. سەدام شەهیدە."
لە کاتێکدا پێشکەشکاری بەرنامەکە هەوڵدەدات گرژەیکان ڕادەگرێت، ڕەبیع جەواری بەردەوام دەبێت لە ستایشکردنی سەرۆکی رژێمی بەعس و بەشداربوەکەی تریش دەڵێت، "بەداخەوە پارتی دیموکراتی ڕێگەدەدات لە هەولێرەوە بەم شێوەیە ستایشی سەدام بکرێت."
وتەبێژی ئاسایشی هەولێر بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "مەرج نییە ئەو کەسەی لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا ستایشی سەدام حسێنی کردوە لە هەولێرەوە قسەی کردبێت. ڕەنگە ئەمە هەوڵێک بێت بۆ لەکەدارکردنی هەولێر."
کەنعان خەیلانی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ڕاگەیاندن هێندە فراوانبوە، کۆنترۆڵ ناکرێت. قابیلی قەبوڵ نییە کەسێک وەسفی ستەمکارێک بکات کە هەزاران کوردی شەهید کردوە."
هەروەها وتیشی،"دەبێت دام و دەزگا پەیوەندیدارەکان بەدواداچون بکەن، چونکە بەعس بە یاسا هەڵوەشێنراوەتەوەو ستایشکردنی نایاسایی و نا ئەخلاقییە."