بەپێی قسەی سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان، رۆژی پێنجشەممەی رابردو، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە كۆبونەوەیەكدا لەگەڵ مامۆستایان، وتویەتی، "كۆمەڵێك گرفتی هونەری لەنێوان بەغداو هەرێم هەن..دەبێت بۆچونەكان لە یەكتری نزیك بكەینەوە...بەم نزیكانەش پارەی هەرێم دەنێرم."
ئاوێنە: دوێنێ پێنجشەمە، وەفدێکی مامۆستایانی جیهان و عێراق و هەرێمی کوردستان لە شاری بەغدا لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق دا کۆبوونەوە.
ئەحمەد سابیر، سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان و بەشداربوی کۆبونەوەکە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "بە محەمەد شیاع سودانیم وت، مامۆستایانی هەرێم بونەتە قوربانی ململانێی نێوان هەردو حکومەت. مامۆستایانی عێراق موچەی مانگی 8 وەردەگرن، لەکاتێکدا مامۆستایانی هەرێم هێشتا موچەی مانگی 7یان وەرنەگرتوە. داوای چارەسەرکردنی کێشەی موچەی فەرمانبەرانم لێکرد."
ئەحمەد سابیر وتیشی، "شیاع سودانی پێیوتم، 'کۆمەڵێک گرفتی هونەری لە نێوان هەرێم و بەغدا هەن، زانیاری هەڵە دراون و دەبێت ڕاکان لە یەکتری نزیک بکەینەوە. پێمخۆشە ئێستا بودجە بۆ هەرێم خەرج بکەم، بەڵام نامەوێت مەسەلەکە ببرێتە دادگاو نێوانمان لەگەڵ هەرێم تێکبدرێت. بەمنزیکانەش پارەی هەرێم دەنێرم."