لە مانگی ئابدا 134 سەربازی توركیا كوژراون
  2023-09-02       414       

هەپەگە ئاماری شەڕەكانی مانگی رابردوی ئاشكراكردو دەڵێت، لەو مانگەدا گەریلا 323 چالاكی لەدژی هێزەكانی توركیا ئەنجامداون و تێیاندا 134 سەربازی توركیا كوژراون و هەروەها 10 گەریلاش شەهید بون.

ئاوێنە: ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هێزەكانی پاراستنی گەل(هەپەگە)، ئەمڕۆشەممە، لە راگەیەندراوێكدا ئاماری شەڕی نێوان گەریلاو سوپای توركیای لە مانگی رابردودا ئاشكراكرد.

بەپێی راگەیەندراوەكە، هێزەكانی گەریلا لە مانگی ئابدا، 323 چالاكییان لەدژی هێزەكانی توركیا ئەنجامداوە، لە ئەنجامی چالاکییەکاندا 134 سەربازی توركیا كوژراون و 23 سەربازیش برینداربون و هەروەها بڕێکی زۆر کەرەستە و کەلوپەلی سەربازی لەناوبران، دەستیان بەسەردا گیرا، یاخود گورزیان لێوەشێندراو هاوكات گورزیش لە چەند سەنگەرێكی وەشێنراوە.

بەپێی ئامارەكەی هەپەگە، لە مانگی رابردودا 10 گەریلا شەهیدبون و لەبارەی ناویان و شوێنی شەهیدبونیان هەپەگە وتویەتی"لە باکوری کوردستان فەرماندە و شەڕڤانانی پێشەنگ و فیدایی ئاردەم ئارارات (سوڵتان ئۆروچ)، گوڵبەهار مەرجان (شەکریناز کاپلان)، ئەیلەم مونزور (ئەمینە کاپلان)، دیجلە ئەیلەم (لەیلا گولجو) و بێریتان سیسەر (غوربەت کایماز) شەهیدبون. لە هەرێمەکانی پاراستنی مێدیاش؛ هاوڕێیانمان رێزان بۆتان (رێزان گونگەن)، باوەر بۆتان (بەکر کینا)، چیا ئاگری ( ئیسماعیل پور مەحمود)، مەسکەن نسێبین (زەینەب کایا) و کاوە چەکدار (ئیبراهیم دەمیر) شەهیدبون."

لەبارەی ئاماری بۆردومانەكانی توركیاشەوە، هەپەگە ئاماژەی بەوەداوە كە لەو مانگەدا، هەرێمەکانی پاراستنی مێدیا 113 جار بە فڕۆکەی شەڕ، 40 جار بە هەلیکۆپتەری هێرشبەر، بە سەدان جار بە کاتیوشا، تانک و چەکی قورس بۆردومان کراون و هەروەها جارێک بە بۆمبی ئەتۆمی تاکتیکی و دو جاریش بە تەقەمەنی قەدەغە هێرشکراوەتەسەر سەنگەرەکانی گەریلا.

هەپەگە وتوشیەتی، سوپای توركیا بە ئەنقەست شوێنی نیشتەجێبونی خەڵك لە باشور لە ئاسمان و زەویەوە بۆردومان دەكات و بە هۆیەوە لە هاوڵاتی مەدەنی شەهیدبون.

لەوبارەیەوە هەپەگە رەخنەی لە حكومەتی هەرێم گرتوەو وتویەتی"حکومەتی هەرێمی کوردستان و هێڵی خیانەتکار لە بەرامبەر ئەو هێرشانە بێدەنگ بون و هیچ جۆرە کاردانەوەیان نەبوە، لەهەمان کاتدا بونە هاوبەشی تاوانە جەنگییە دژە مرۆڤایەتییەکان. کاتێک کەسانی مەدەنی گەلەکەمان شەهیدکران، ئەوان هەرگیز دەنگیان هەڵنەبڕیوە."

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×