ئەشواق جاف: ئەوەی ئێستا لە بەغدا بەرامبەر بە هەرێم دەكرێت، پرۆسەی ئەنفالە بەجۆرێكی تر
  2023-09-02       507       

ئەشواق جاف، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیەنێت، ئەوەی ئێستا لە بەغدا بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان دەکرێت، پرۆسەی ئەنفالە بە جۆرێکی دیکە و قبوڵ ناکرێت.

ئاوێنە: ئەشواق جاف، ئەمڕۆ شەممە، بە میدیای حزبەكەی راگەیاند"ئەوەی ئێستا بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان دەکرێت لە بەغدا تەواوکەری پیلانەکانی ساڵی 2014یە کە قوتی خەڵکی هەرێمی کوردستانیان بڕی، بەبێ ئەوەی هیچ ماددەیەکی دەستوریی و یاسای هەبێت، بەڵام نەیانتوانی قەوارەی هەرێمی کوردستان لەناوبەرن، هەروەها ئەوەی لە 16ی ئۆکتۆبەر نەیانتوانی لە رێگەی سەربازییەوە بیکەن دەیانەوێت ئێستا بەجۆرێکی دیکە جێبەجێی بکەن".

وتیشی: "ئەوەی ئەمڕۆ بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان دەکرێت بە شرۆڤە و لێکدانەوەی میزاجییە بۆ یاسای بودجە، بە راشکاوی ئەوەی دەکرێت لە بەغدا بۆ لەناوبردنی قەوارەی هەرێمی کوردستانە، بەغدا هێندە بەهێز نییە، بەڵام نەبونی یەکدەنگی و یەکڕیزی کورد و یەک بەرەیە بۆ بەرگریکردن لە قەوارەی هەرێمی کوردستان و مافەکانی خەڵکی کوردستان وایکردەوە، کە ئەوان هەوڵی ئەوەبدەن هەرچی بە خوێنی شەهیدان بەدەستمان هێناوە لێمان زەوت بکەن".

ئەشواق جاف، جەختیکردەوە، کە "هەرێمی کوردستان هەمو پابەندییە دەستوریی و یاسایی جێبەجێ کردوە، بەڵام ئەوەی دەکرێت بۆ نەهێشتنی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستانە، هیچ کێشەیەکی هونەری لەنێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا نەماوە، ئەوەی هەیە کێشەی سیاسییە".

هەروەها وتیشی"بەبڕوای من ئەوەی ئێستا بەرامبەر هەرێمی کوردستان دەکرێت، هەمان پرۆسەی ئەنفالە بە جۆرێکی دیکە، لە رێگەی برسیکردنی خەڵکی کوردستان و زەوتکردنی مافەکانی خەڵکی کوردستانە، کە ئەمە بە هیچ شێوەیەک قبوڵ ناکرێت".

ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی، ئاماژەی بەوەشدا: "ئەوەی لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستانە هەموی جێبەجێکردوە بۆ پابەندبون بە دەستور و یاسا لە چوارچێوەی عێراق، داوا لە سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکەین مافی خەڵکی کوردستان بدات".

ئاماژەی بەوەشدا"نابێ چیتر خەڵکی کوردستان ببێتە قوربانی سیاسەتی هەڵەی حکومەتی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێدەنگ بێت".

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×