مەڵبەندی کەرکوکی یەکێتی لەبارەی داخستنی رێگەی سەرەکی کەرکوک - ھەولێر رونکردنەوەیەک بڵاودەکاتەوەو دەڵێت، "پارتی و چەند لایەنێکی شۆڤێنی بەمەبەست و سیناریۆی جۆراوجۆر کێشەو گرفت بۆ ھاوڵاتیانی کەرکوک دروستدەکەن"ز
ئاوێنه: لەرونکردنەوەکەی مەڵبەندی 2ی ڕێکخستنی کەرکوکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا ھاتووە، "ماوەی چەند رۆژێکە، بەمەبەست و سیناریۆی جۆراو جۆر، پارتی دیموکراتی کوردستان و چەند لایەنێکی شۆڤێنی کەرکوک، کێشە و گرفت بۆ ھاوڵاتیانی کەرکوک دروستدەکەن."
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەوان لەگەڵ داخستنی رێگەی سەرەکی کەرکوک - ھەولێر نین و ھەوڵی جددییان داوە و سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراقیان لێ ئاگادار کردووەتەوە، بۆ کردنەوەی ئەو رێگەیە.
دەشڵێت، "پارتی ھەوڵدەدات کێشەکان ھەناردەی کەرکوک بکات، بەتایبەت کە رون بووەتەوە سەرجەم ئەو کەسانەی لەنێو خۆپیشاندانەکانن لەھەولێرەوە ئاڕاستە دەکرێن، دەیانەوێت کێشەو پشێوی لەنێو نەتەوەکانی شارەکە درووستبکەن، بەڵام خەڵکی کەرکوک بەسەرجەم نەتەوەو پێکھاتە ڕەسەنەکانی زۆر ھوشیارن و لەمەرامی ناحەزان تێگەیشتون."
مەڵبەندی کەرکوکی یەکێتی لهڕاگهیهندراوهكهدا ئهوهشی خستۆتهڕ، "پارتی و ئەو لایەنە شۆڤێنییە عەرەبی و تورکمانانە، کە ھاوپەیمان و دۆستی یەکترن، کێشەیان بارەگا نییە، چونکە لەئێستادا بارەگای لق و ناوچەکانی چۆڵکراون، بەڵام بەمەبەست ناگەڕێتەوە، دەیانەوێت بەو بیانووە ئاسایشی کۆمەڵایەتی کەرکوک تێکبدەن."
لەڕۆژی ٢٨ی مانگی ئابی ڕابردوەوە، گردبونهوهو ناڕەزایی دژ بەڕادەستکردنەوەی بارەگاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لەکەرکوک لەلایەن لایەنگرانی عەسائیبی ئەهلی حەق دەستیپێکردووهو تا ئێستا بەردەوامە.
ھاوکات دوای دو ڕۆژ، لایەنگرانی عەسائیبی ئەھلی حەق لەشەقام کشانەوەو خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانیان ڕادەستی لایەنگرانی بەرەی عەرەبی یەکگرتو کرد کە سوننەن، دواتر لایەنگرانی بەرەی تورکمانیش ھاتنە سەر شەقام و بەشدارییان لەگردبونهوهو ناڕەزایەتییەکان کرد.
گردبونهوهو ناڕەزایەتییەکان لەکەرکوک دوای ئەوە دەستیپێکرد کە لەسەرەتای مانگی ئابدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەممەد شیاع سودانی فەرمانی دەرکرد بارەگاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لەکەرکوک ڕادەستی ئهو حزبه بکرێنهوه.
لهدوای ڕوداوهكانی 16ی ئۆكتۆبهر، بارەگای سەرەکی ئەنجومەنی سەرکرایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان لەکەرکوک دهستیبهسهرداگیراو تائێستا چۆڵ نەکراوەو بەدەست فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکوکەوەیە.