پۆلیسی کەرکوک: له‌خۆپیشاندانه‌كه‌ی‌ ئه‌مڕۆدا كه‌سێك گیانیله‌ده‌ستداو 12ی‌ دیكه‌ش بریندار بون
  2023-09-02       461       

له‌ئه‌نجامی‌ ته‌قه‌ی‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی‌ كه‌ركوك به‌سه‌ر خۆپیشاندانده‌رانی‌ شاره‌كه‌دا، گه‌نجێكی‌ كورد گیانیله‌ده‌ستداو ژماره‌یه‌كی‌ دیكه‌ش برینداربون. پۆلیسی کەرکوک-یش قەدەغەی هاتوچۆی له‌شاره‌كه‌ راگەیاند.

ئاوێنه‌: پۆلیسی کەرکوک له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا قەدەغەی هاتوچۆی له‌شاره‌كه‌ راگەیاندو هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی‌ بۆ ئه‌وه‌ش كردووه‌ كه‌ له‌خۆپیشاندانه‌كه‌ی‌ ئه‌مڕۆدا كه‌سێك گیانیله‌ده‌ستداوه‌و 12ی‌ دیكه‌ش بریندار بون.

ئێواره‌ی‌ ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌، له‌گه‌ڕه‌كی‌ ره‌حیم ئاوای‌ كوردنشینی‌ شاری‌ كه‌ركوك به‌شێك له‌هاوڵاتیانی کوردو لایه‌نگرانی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان له‌و شاره‌، لەدژی داخستنی رێگەی کەرکوک – هەولێر لەلایه‌ن حەشدی شەعبی‌و چه‌ند لایه‌نێكی‌ عه‌ره‌بی‌‌و به‌ره‌ی‌ توركمانییەوە، چونه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان‌و خۆپیشاندانیان ئه‌نجامداو داوای کردنەوەی رێگاكه‌یان كرد.

له‌گه‌ڵ نزیكبونه‌وه‌ی‌ خۆپیشانده‌ره‌ كورده‌كان بۆ به‌رده‌م باره‌گای‌ ئۆپراسییۆنه‌كانی‌ كه‌ركوك كه‌ چه‌ند ڕۆژێكه‌ له‌لایه‌ن حەشدی شەعبی‌و چه‌ند لایه‌نێكی‌ عه‌ره‌بی‌‌و به‌ره‌ی‌ توركمانییەوە خێوه‌تی لێهه‌ڵدراوه‌و گردبونه‌ته‌وه‌، هێزه‌ ئه‌منییه‌كان چونه‌ نێوان هه‌ردولاو ته‌قه‌یان به‌سه‌ر خۆپیشانده‌ره‌ كورده‌كاندا كرد.

ماوه‌ی‌ پێنج ڕۆژه‌ لایەنگرانی عەسائیبی ئەهلی حەق‌و چه‌ند لایه‌نێكی‌ عه‌ره‌بی‌‌و به‌ره‌ی‌ توركمانی‌ چەند رێگەیەکی ناو شاری کەرکوکیان داخستوەو، دەڵێن ئەوان دژی گه‌ڕاندنه‌وەی بارەگای‌ ئه‌نجومه‌نی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ كه‌ركوكی‌ پارتی دیموکراتی کوردستانن كه‌ له‌ئێستادا باره‌گای‌ فه‌رمانده‌ی‌ ئۆپراسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كانی‌ كه‌ركوكی‌ تێدایه‌و حكومه‌تی‌ عێراق بڕیاریداوه‌ ئه‌و باره‌گایه‌ بگه‌ڕێنرێته‌وه‌ بۆ پارتی‌.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×