یه‌كێتی‌ دو ڕاگه‌یه‌ندراوی‌ پێچه‌وانه‌ له‌سه‌ر دۆخی‌ كه‌ركوك بڵاوده‌كاته‌وه‌
  2023-09-02       1269       

یەکێتی نیشتمانی کوردستان دو ڕاگه‌یه‌ندراوی‌ پێچه‌وانه‌ له‌سه‌ر دۆخی‌ كه‌ركوك بڵاوده‌كاته‌وه‌، كه‌مێك له‌مه‌وبه‌ر مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ ئه‌و حزبه‌ ڕایگه‌یاند، "بارودۆخی دژواری کەرکوک بەهۆی شەرکردن لەسەر بارەگای حزبی‌و ململانێی هێزە سیاسییەکانی ناو کەرکوک گەیشتە پێکدادان‌و شەهیدو برینداریشی‌ لێكه‌وته‌وه‌". ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ سه‌ر له‌ئێواره‌ی‌ ئه‌مڕۆ مەڵبەندی 2ی یەكێتی له‌كەركوك، گردبونه‌وه‌كه‌ی‌ لایەنگرانی عەسائیبی ئەهلی حەق‌و چه‌ند لایه‌نێكی‌ عه‌ره‌بی‌‌و به‌ره‌ی‌ توركمانیی‌، "به‌سیناریۆی‌ پارتی‌‌و چەند لایەنێکی شۆڤێنی کەرکوک"ی‌ وه‌سفكردبو.

ئاوێنه‌: ده‌قی‌ هه‌ردو ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌:

ڕاگەیەندراوی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی دەربارەی گرژییەکانی کەرکوک...

بەداخەوە بارودۆخی دژواری کەرکوک بەهۆی شەرکردن لەسەر بارەگای حزبی و ململانێی هێزە سیاسییەکانی ناو کەرکوک درێژەی کێشاوە، گەیشتە پێکدادان و بەریەککەوتن و شەهید و برینداریش کە ئەمانە قوربانی بێباکی سیاسی و نیشتمانییە.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سێ رۆژە لەسەر هێڵە لەگەڵ حکومەتی عێراق کە پێویستە بەرپرسیارێتی نیشتمانی و حکومەتیی خۆی جێبەجێ بکات، تا ئاڵۆزییەکە سەر نەکێشێت بۆ بەریەککەوتن و رژانی خوێنی هاووڵاتیانی کورد و پێکهاتەکان، بە پێچەوانەوە دەکرا بە لێکگەیشتن لەگەڵ پارت و حزبەکانی کەرکوک گرفتی بارەگا تەشەنە نەستێنێت، کە ببێتە کێشەیەکی گەوەرە لە شارەکەدا، ئێستاش کاتی ئەوەیە سەرۆک وەزیران کە فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراقیشە، راستەوخۆ بێتە ناو کێشەکە و لەگەڵ حکومەتی خۆجێیی شارەکە و هێزەکانی سوپاو حەشد ئەم کێشەیە بنبڕبکەن، ئەگینا وەک یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەو بڕوایەداین جەماوەری کەرکوک لەبەر بەرژەوەندی گشتی و پاراستنی ئاشتی دانیان بە خۆیدا گرتووە. چاوەروانیشمان لە حکومەت و لایەنەکانی تری کەرکوکیش ئەوەیە بەرپرسیارێتی خۆیان جێبەجێ بکەن.

مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 
٢/٩/٢٠٢٣

 

ڕوونکردنەوە 
بەداخەوە ماوەی چەند رۆژێکە، بەمەبەست و سیناریۆی جۆراو جۆر، پارتی دیموکراتی کوردستان و چەند لایەنێکی شۆڤێنی کەرکوک،  کێشە و گرفت بۆ ھاوڵاتیانی کەرکوک درووستدەکەن.
ئێمە وێرای ئەوەی لەگەڵ داخستنی رێگای سەرەکی کەرکوک - ھەولێر، نین و لە رێگای کەناڵە سیاسی و دیبۆلماسییە جیاوازەکانەوە، ھەوڵی جدیمان داوە و سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراقمان لێ ئاگادار کردۆتەوە، بۆ کردنەوەی ئەو ڕێگایە، چارەسەرکردنی کێشەکان بە دیالۆگ و لێکتێگەیشتن، بەشێوەیەک لە خزمەتی ھاوڵاتیانی کەرکوک بێت.
لێرەوە بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کەرکوک و ڕای گشتی، رایدەگەیەنین: 
-  پارتی، لە ڕێگای حکومەتی شکستخواردوی تاککڕەوی ھەرێمەوە، ھەوڵدەدات کێشەکان، ھەناردەی کەرکوک بکات، بەتایبەت کە روونبۆتەوە سەرجەم ئەو کەسانەی لە نێو خۆپیشاندانەکانن لە ھەولێرەوە ئاڕاستە دەکرێن، و دەیانەوێت، کێشە و پشێوی لە نێو نەتەوەکانی شارەکە درووستبکەن، بەڵام خەڵکی کەرکوک بە سەرجەم نەتەوە و پێکھاتە ڕەسەنەکانی زۆر ھوشیارن و لە مەرامی ناحەزان تێگەیشتون.
- پارتی و ئەو لایەنە شۆڤێنییە عەرەبی و تورکمانانە، کە ھاوپەیمان و دۆستی یەکترن، کێشەیان بارەگا نییە، چونکە لە ئێستادا بارەگای لق و ناوچەکانی چۆڵکراون، بەڵام بەمەبەست ناگەڕێتەوە ، و دەیانەوێ بەو بیانووە، ئاسایشی کۆمەڵایەتی کەرکوک تێکبدەن.
جارێکی دیکە دڵنیای بە ھەموولایەک دەدەین، کە ئارامی و خۆشگوزەرانی ھاوڵاتیانمان ھێڵی سوورن،   تەواوی ھەوڵەکانی خۆمان دەخەینە گەڕ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، رێگە نادەین مەرامی نەیاران جێبەجێبکرێت و ئاژاوا و کێشە بۆ شارەکەمان درووستبێت.   

مەڵبەندی دووی ڕێكخستنی كەركوكی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
2/9/2023

 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×