دەستەی گشتی ناوچە كوردستانییەكان: پێویستە ئەو لایەنانەی دۆخی شاری كەركوكیان شێواندووە ڕوبەڕوی یاسا بكرێنەوە
  2023-09-02       364       


دەستەی گشتی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لەبارەی ئاڵۆزییەكانی شاری كەركوك راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و رایدەگەیەنێت، پێویستە حكومەتی عیراق هاوسەنگی لەبەڕێوەبردنی ئەو شارەدا ڕەچاوبكات و هیچ پێكهاتەیەك فەرامۆش نەكرێت.


ئاوێنه‌: راگەیەندراوێك لەدەستەی گشتی ناوچە كوردستانییەكانەوە:


بەداخەوە جارێكی تر كەركوك بەهۆی سیاسەتی
جیاكارییەوە ئەبێتە گۆڕەپانی ململانێیەكی ناهاوسەنگ و ئاسایش و ئارامی شارەكە ئەشێوێندرێت، ئەم سیاسەتی هەژموونگەراییەی چەند لایەن و هێزێك بەناوی پێكهاتەی عەرەبی و بە بیانووی جیاواز دژی كەركوكییەكان پەیڕەوی ئەكەن دۆخی شارەكە زیاتر ئەشێوێنێ و ئەو متمانە و برایەتییە كەمەی كە هەشە لێكی هەڵئەوەشێنێت، گرژییەكانی ئێوارەی ئەمڕۆش جارێكی تر دەرئەنجامی بەكەم بینینی كورد و هەوڵی فەرزكردنی هەژموون و ئیرادەی لایەنێكە بەسەر لایەنێكی رەسەنی پێكهاتەی شارەكە، بەداخەوە سیاسەتی داگیركردنی جادە و شەقامە گشتییەكان لە ناو جەرگەی گەڕەكە كوردییەكاندا درێژكردنەوەی هەمان سیاسەتی هەژموونگەراییە و هەر جارەی بەبیانوویەك ئەنجامی ئەدەن، ئێمە پێمان وایە هەموو هێزێكی  نیشتیمانی بە پێی دەستور مافی بارەگا و هەڵسوڕانی سیاسی هەیە، ڕێگری لە كردنەوەی بارەگاكانیش دژی دەستورە، داوا ئەكەین هەرچی زووە پەلە بكرێت لە هێوركردنەوەی دۆخەكە و ئەو لایەنانەی دۆخی شارەكەیان چەندین ڕۆژە شێواندووە ڕوبەڕووی یاسا بكرێنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە حكومەتی عیراق هاوسەنگی لە بەڕێوەبردنی ئەو شارەدا ڕەچاوبكات و هیچ پێكهاتەیەك فەرامۆش نەكرێت، لە كۆتاییدا پێویستە دەسەڵاتی لۆكاڵی كەركوك بە زووترین كات لیژنەیەك لە سەر بەناهەق  شەهیدكردنی كاكە هاوكار دروست بكات و ئەنجامدەرانی ڕووبەڕووی دادگا بكرێتەوە.

دەستەی گشتی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×