‏‎بافڵ تاڵەبانی: بەردەوامبونی دۆخی‌ كه‌ركوك بەمشێوەیە قابیلی قبوڵ نییە
  2023-09-02       712       

‏‎

بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ڕاگه‌یه‌ندراوێك له‌باره‌ی‌ دۆخی‌ كه‌ركوك بڵاوده‌كاته‌وه‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "هۆشداری دەدەین لەزوترینکاتدا دۆخی کەرکوک ئاسایی بکرێتەوە، بەردەوامبونی دۆخەکە بەمشێوەیە قابیلی قبوڵ نییە."

ئاوێنه‌: ده‌قی‌ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌:


رووداو و پێشهاتە نەخوازراوەکانی کەرکوک و شەهیدبوونی گەنجێكی کورد و برینداربوونی چەندانی تریش، مایەی نیگەرانیی قووڵمانە.
‏‎وێڕای ئەوەی بەتوندی ئیدانەی هەموو هەوڵ و مەرامێکی تێکدەرانە دەکەین بۆ تێکدانی برایەتی و پێکەوەژیان لە کەرکوک، دەشبێت بەزووترین کات تاوانبارانی شەهیدکردن و بریندارکردنی رۆڵەکانمان دەستگیربکرێن و رووبەڕووی دادگا بکرێنەوە.

‏‎کەرکوکییە سەربەرزەکان ئێوە شایەنی رێزی بێسنوور و خزمەتکردنێکی بەرچاون نەک بەکارهێنانتان بۆ یەکلاکردنەوەی کێشە سیاسییەکان و بکرێنە قوربانیی بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتە تایبەتەکان. ئێمە جگەلەوەی بەتوندی دژی ئەم سیاسەتە چەوت و ناڕەوایە دەوەستینەوە، بەهیچ شێوەیەکیش قبووڵ ناکەین خوێنی گەنجەکانمان بڕژێت و لەژێر ناوی هەستی نەتەوایەتیدا یاری بە چارەنووس و ژیانیانەوە بکرێت.

‏‎داواکارم هەموو لایەنەپەیوەندیدارەکان بەتایبەت ‌حکومەتی عیراق بەزووترین کات رێگری لە رژانی خوێنی زیاتر بکات و کۆتایی بەم دۆخە بهێنێت. هەروەها هۆشداری دەدەین لەزووترین کاتدا دۆخی کەرکوک ئاسایی بکرێتەوە، بەردەوامبوونی دۆخەکە بەمشێوەیە قابیلی قبووڵ نییە. بۆیە داواکارین هەمووان بە ئەوپەڕی بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە بکەن و رێگری لە دروستبوونی فیتنە و دووبەرەکی بکەن. دەبێت هەمووان هاوکار و هەماهەنگبن بۆ کۆتاییهێنان بەو دۆخە و پارێزگاری لە ئاشتی و برایەتیی نێوان هەموو نەتەوە و پێکهاتەکانی کەرکوک بکرێت.

‏‎رۆحی شەهید هاوکار شادبێت و هاوخەمیی خانەوادە سەربەرزەکەیم. لەخوای گەورە داواکارم سەبووری بەهەموولایەک ببەخشێت و شیفای بریندارەکان بدات.

‏‎بافڵ جەلال تاڵەبانی
‏‎سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×