چوارچێوه‌ی‌ هەماهەنگی راگەیەندراوێكی لەبارەی دۆخی كەركوكەوە بڵاوكردەوە
  2023-09-03       450       

چوارچێوه‌ی‌ هەماهەنگی داوای دووركەوتنەوە لە هاندانی بارگرژی لە كەركوك دەكات و پاڵپشتیی خۆیشی بۆ رێوشوێنەكانی حكومەتی بەغداد بۆ كۆنتڕۆڵكردنی دۆخی ئەمنی و سەقامگیری لە پارێزگاكەدا نیشاندەدات.

ئاوێنە: چوارچێوه‌ی‌ هەماهەنگی لە راگەیەندراوێكدا دەڵێت، بە گرنگییەوە چاودێریی رووداوەكان لە كەركوك دەكات، لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكان و ئەو توندوتیژییانەی لێیان كەوتەوە و بووەهۆی كەوتنەوەی ژمارەیەك قوربانی و زیانگەیاندن بە موڵكی تایبەت و تێكدان و سووتاندنیان.

دووپاتیشیدەكاتەوە، “توندوتیژی و بارگرژی چارەسەری نێوان لایەن و پێكهاتەكانی شارەكە نییە، پاڵپشتیی خۆمان دەردەبڕین بۆ سەرجەم رێوشوێنەكانی حكومەت كە فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان بڕیاری لێداوە تایبەت بە كۆنتڕۆڵی رەوشی ئەمنی و سەقامگیری لە پارێزگاكەدا”.

داواش لە سەرجەم هێزە سیاسییەكان دەكات دووربكەونەوە لە زمانی زبر و كار لەسەر هێوركردنەوە بكەن و پاڵپشتیی هێزە ئەمنییەكان بكەن بۆ ئەنجامدانی ئەركەكانیان لە پاراستنی موڵكی گشتی و تایبەت.

بۆ ناڕەزایی نیشاندان بەرامبەر خۆپیشاندانێك كە ماوەی چەند رۆژێكە لەبەردەم بارەگایەكی ئێستای سوپای عێراق و پێشووی پارتی لە كەركوك لەئارادایە و بەهۆیەوە رێگای سەرەكیی كەركوك-هەولێر داخراوە، دوێنێ ژمارەیەك لە هاوڵاتییانی كورد لە شارەكە خۆپیشاندانێكیان ئەنجامدا و لە ئاكامیدا بارگرژی و رووبەڕووبوونەوە لەنێوان هەردوولادا روویدا.

بارگرژییەكانی شارەكە تا درەنگانی شەوی رابردوو درێژەی كێشا و بەهۆیەوە ژمارەیەك هاوڵاتیی كورد شەهید و برینداربوون.

بۆ كۆنتڕۆڵكردنی بارودۆخەكە بە بڕیاری محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق، چۆڵكردنی بارەگاكەی پارتی لە كەركوك دواخرا و خۆپیشاندەرانیش خێمەكانیان لادەبن و رێگای كەركوك-هەولێر دەكرێتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×