ئارى هه‌رسین: بڕواکردن بەشۆڤێنیستی عەرەب‌و دەستورەکەی عێراق لەخۆشخەیاڵی زیاتر هیچی تر نییە
  2023-09-03       452       


كادیرێكى پێشكه‌وتوى پارتى پێیوایه‌، سەیرو سەمەرەی دونیا لەوەدایە، خەڵکی غەیری خۆت بڕیار لەسەر ژیان‌و چارەنوست بدات، ده‌شڵێت، "دەستەواژەی (ناوچە جێ ناکۆکیەکان)  داهێنانی ئێمەی کورد نییە، ئەم دەستەواژەیە لەسەروبەندی حکومەتی ئینتیقالی لەساڵی 2003وە سەپێندراوە"، ڕاشیده‌گه‌یه‌نێت، "لەئێستادا کوردستانیبونی کەرکوک‌و خانەقین لەژێر سایەی ئەو دەستەواژەیەدا خراوەتە ژێر پرسیارەوە، لەڕاستیدا ئەو ناوچانە کێشە لەسەر نین، بەڵکو بەزەبری هێزی سەربازیی داگیرکراون".

ئاوێنه‌: ئارى هه‌رسین له‌وتارێكدا  ده‌ڵێت، "کێشەی جدی لەنێوان عەرەبی شۆڤێنیست‌و کورددا هەیە، بڕواکردن بەشۆڤێنیستی عەرەب‌و دەستورەکەی عێراق لەخۆشخەیاڵی زیاتر هیچی تر نییە".

باس له‌وه‌شده‌كات، "سەیر ئەوەیە هەندێک لایەنی سیاسی کوردستان قەزیەکە بچوک ئەکەنەوەو ئەڵێن ئەمە کێشمەکێشی حزبیە، ئەم پاساوانە زۆر گێلانەن‌و خۆ ئەگەر بەئەنقەست بوترێن، ئەوا لەخیانەت زۆر نزیک ئەبنەوە، پارتی حزبێکی کوردیە، سەیرە حزبێکی سیاسی لەکاتی کۆنفلیکتی (ئەزمەی) نێوان حزبێکی کوردی‌و شۆڤێنیستێكى عەرەبدا ئەوەندە ترسنۆک‌و بێهەڵوێست بێت جورئەتی ئەوە نەکات کە گوتارو پەیامێکی نیشتمانی هەبێت‌و چەپڵە بۆ شۆڤێنیستی عەرەەب لێبدات".

جه‌ختیشده‌كاته‌وه‌، "زۆر عەیبە بۆ حزبێکی سیاسی کێشەی نەتەوەیی بەململانێی حزبی وێنا بکات، عەیبەیەکی گەورەیە بۆ حزبێکی سیاسی کێشەی نەتەوەی کوردو نەهامەتیەکانی بەدەست عەرەبی شۆڤێنیەوە نەبینێت (یان نەیەوێت بیبینێت)، ئینجا هۆکاری گولەبارانکردنی ڕۆڵەکانمان بخاتە ئەستۆی پارتی‌و گەڕانەوەی بارەگاکانی، عەجەبا ئێمەی کورد بەدرێژایی مێژو کێشەی قوڵمان لەگەڵ شۆڤێنیستی عەرەب نەبوە، ئەوانەی ئەنفالیان کردین فەڕەنسی‌و سویدی بون؟… یەعنی ئەگەر پارتی نەبێت ئیتر عەرەبی ڕەگەزپەرست هیچ کێشەیەکی لەگەڵ کورددا نییە؟".

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×