حكومه‌تی‌ عێراق دابەشكردنی موچەی مانگی 9 دەستپێدەكات‌
  2023-09-03       870       


حكومه‌تی‌ عێراق دابەشكردنی موچەی مانگی 9 دەستپێدەكات‌‌و له‌هه‌رێمی‌ كوردستانیش هیچ وادەیەك بۆ دابەشكردنی موچەی مانگی 7 دیارینەكراوە.

ئاوێنه‌: هەردو بانكی ڕەشیدو رافدەین لەدو راگەیەندراوی جیادا بڵاویانكردەوە، پارەی پێویست بۆ موچەی مانگی 9 (ئەیلول)ی خانەنشینان خەرجكراوەو سەرجەم خانەنشینانی سەربازی و شارستانی لەڕێگەی كریدی كارتەكانیانەوە لەهەر شوێنێك بیانەوێت و لەڕێگەی لقەكانی هەردو بانكەكەوە موچەكانیان وەربگرن.

ئەوەش لەكاتێكدایە تائێستا حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان هیچ وادەیەكی‌ بۆ دابەشكردنی موچەی مانگی 7 (تەمموز)ی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دیارینەكردووە.

ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لەکۆبونەوەی ئەمڕۆ یەکشەممەیدا، بڕیاریدا 500 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان بێنرێت.

حکومەتی ھەرێم بۆ دابەشکردنی موچە پێویستی بە 912 ملیار دینارەو چاوی لەوە بو عێراق زیاتر لەترلیۆنێک‌و 300 ملیار دیناری بەپێی یاسای بودجە بۆ رەوانە بکات.

سەرچاوەیەک لەوەزارەتی دارایی ھەرێم رایگەیاند، تائێستا بەڕەسمی وەزارەتی دارایی لەناردنی 500 ملیار دینار ئاگادار نەکراوەتەوە، ھیچ بڕە پارەیەکیش نەخراوەتە سەر ئەژماری بانکی.

وتیشی، ھەر کاتێک 500 ملیار دینار رەوانەی ھەرێم کرا، دوای کۆکردنەوەی داھاتی ناوخۆ دەست بەدابەشکردنی موچەی مانگی تەمموزی فەرمانبەرانی ھەرێم دەکرێت.

سەرچاوەکەی وەزارەتی دارایی ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئەو بڕە پارەیەی باسی لێوەدەکرێت، خواستی وەفدی ھەرێم نەبووە، چونکە وەفدەکەی ھەرێم داوای جێبەجێکردنی رێنماییەکانی بودجەو رەوانەکردنی بڕی زیاتر لە 900 ملیار دیناری کردوە، بۆ موچەی فەرمانبەرانی ھەرێم.

جەختی لەوەشکردەوە، مانگی رابردو عێراق 598 ملیار دیناری رەوانەی ھەرێم کرد، بڕی 50 ملیاری بۆ قەرزی بانکی بازرگانی لێ کەمکرایەوە، دواتر لەگەڵ داھاتی ناوخۆ موچەی فەرمانبەران دابەشکرا.

لای‌ خۆیه‌وه‌ ئیخلاس دلێمی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ناردنی ئەو 500 ملیار دینارە بۆ هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەیە لەو ماوەیەدا، کێشەکانی نێوان هەولێرو بەغدا لەبارەی یاسای بودجەوە چارەسەر دەکرێن.

ئەو پەرلەمانتارەی عێراق روونیشیکردەوە، دوای چارەسەرکردنی کێشەکانی هەردولا، پشکی هەرێمی کوردستان لەبودجەدا بەتەواوی رەوانە دەکرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×