سەرۆکی ئەنجوومەنی عەرەبی لە کەرکوک رایگەیاند، ئەوان هیچ نارەزایەتییەکیان نییە بەرانبەر بە گەڕانەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پارێزگای کەرکووک، بەڵام جەختیشیکردەوە دەبێت ئەو گەڕانەوەیە بەپێی چەند مەرجێک بێت.
ئاوێنە: نازم شەمەری سەرۆکی ئەنجوومەنەکە لەلێدوانێکدا بە پێگەی "بەغداد الیوم"ی راگەیاندوه: پێکهاتەی عەرەبی چوار مەرجیان هەیە بۆ گەڕانەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پارێزگای کەرکووک کە یەکێک لە مەرجەکان بریتییە لە داننانی ئەو پارتە بە عێراقیی بوونی کەرکووک و دەسەڵاتی دەوڵەتی عێراق بەسەریدا.
باسی لهوهشكردوه، "مەرجی دووەمی پێکهاتەی عەرەبیی بریتییە لەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان دەستهەڵبگرێت لە وەسفکردنی هێزە ئەمنییە عێراقییەکان بە هێزی داگیرکەر و سێیەم، ئازادکردنی دەستگیرکراوانی عەرەب لە گرتوخانەکانی هەرێمی کوردستاندا".
نازم شەمەری ئاماژەی بەوەشکردووە، مەرجی چوارەمیان بریتییە لە قەرەبووکردنەوەی خەڵکی گوندە عەرەبییە وێرانکراوەکان و بەڵێندان بەوەی جارێکی تر ئەو ڕێوشوێنە سەرکوتکارانەیەی رابردوو دووبارە نابنەوە.