ژمارەیەک لە دەرچووه یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمى کوردستان لە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیران گرد بوونەوە و ڕایانگەیاند، حکومەت بەڵێنى خۆى لەبارەى دامەزراندمان نەبردووەتە سەر، دەشڵێن، لە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران مان دەگرین تا سەرۆکی حکومەت وەڵامی داواکارییەکانمان دەداتەوە.
ئاوێنە: نیوەڕۆی ئەمڕۆ، بۆ ٣٤یەمین جار، بەشێک لە دەرچووە یەكەمەكانی زانكۆ و پەیمانگاكان، لە بەردەم بیانى ئەنجوومەنی وەزیران لە شاری هەولێر گرد بوونەوە.
لەو بارەیەوە، کاروان عەلی، نوێنەری گشتی یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگاکان لە کۆنگرەیکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئێمەی یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگاکانی کورستان بۆ ٣٤ یەمین جارە گرد دەبینەوە، بۆ ئەوەی دابمەزرێین، بەڵام حکومەت بەڵێنەکانی خۆی لەبارەى دامەزراندمان جێ بەجێ ناکات.
کاروان عەلی وتیشی: دامەزراندن مافێکی سەرەتایی خۆمانە و ئەرکی حکومەتە دامانبمەزرێنێت، چەندین جارە لە ئەنجوومەنی وەزیران و وەزراتی خوێندنی باڵا و وەزارەتی پلاندانان داوامان کردووە بەڵێن دەدەن بەڵام هیچی جێبەجێ ناکرێت.
باسی لەوەشکرد، ماوەی شەش ساڵە چاوەڕوانی دامەزراندین، چارەنووسمان نادیارە و هیچ کەس و لایەنێک بەدەم داواکارییەکانمانەوە نایەت، لە کاتێکدا کەمی مامۆستای پسپۆڕ لە زانکۆ و پەیمانگاکان هەیە، بەڵام بەهۆی بێ پلانی حکومەت ئێمە دانامەزرێین.
لە کۆتاییدا وتیشی: حکومەتی هەرێم بەدەم داواکاری ئێمەوە نایەت، لە کاتێکدا هیچ بیانوویەک و قەیرانێک نییە بۆ دانەمەزراندنمان، بۆیە لە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیران مان دەگرین تا سەرۆکی حکومەت وەڵامی داواکارییەکانمان دەداتەوە.
جێگای ئاماژەیە دەرچووە یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمى کوردستان نزیکەى دە هەزار کەسن و لە ساڵی ٢٠١٧ـوە تا ئێستا ماوەی شەش ساڵە چاوەڕێى دامەزراندنن.