ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە، به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی كه‌ركوك چونە نێو خۆپیشاندەرانی شارەكەو داوای لێ‌كردن له شوێنێك خۆپیشاندان بكه‌ن كه خه‌ڵكی شاره‌كه توشی گێره‌شێوێنی و كاری ناله‌بار نه‌بنه‌وه‌و ده‌ستی خۆشه‌ویستی و برایه‌تی بۆ یه‌كتر رابكێشن و دەشڵێت، " با خه‌ڵكی خراپ دۆخی شاره‌كه تێك نه‌ده‌ن".
ئاوێنە: ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە، له گه‌ڕه‌كی شۆڕجه‌ی شاری كه‌ركوك خۆپیشاندان ده‌ستی پێكرده‌وه‌و داواكارن دۆخی شاره‌كه ئاسایی بكرێته‌وه.
لیوا كاوه غه‌ریب، به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی كه‌ركوك چوه ناو خۆپیشانده‌ران و رایگه‌یاند كه هیواداره خۆپیشانده‌ران له شوێنێك كۆببنه‌وه خه‌ڵكی ئه‌م شاره توشی گێره‌شێوێنی و كارێكی ناله‌بار نه‌بێت وه‌ك ئه‌وه‌ی ره‌حیماوا.
لیوا كاوه غه‌ریب وتیشی"هیچ شتێك ئه‌وه ناهێنێت خوێنی منداڵێكی ئه‌م شاره‌ی بۆ بڕژرێت، با خه‌ڵكی خراپ دۆخی ئه‌م شاره تێك نه‌ده‌ن".
وتیشی: "هه‌مو ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌لایه‌ن هێزه ئه‌منییه‌كانه‌وه له گه‌ڕه‌كی ره‌حیماوا ده‌ستگیركران، ئازاد كراون".
داواشیكرد "با ئێمه ده‌ستپێك نه‌بین بۆ كاری خراپ و ده‌ستی خۆشه‌ویستی و برایه‌تی بۆ یه‌كتر رابكێشین".
لیوا كاوه غه‌ریب راشیگه‌یاند"سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق لیژنه‌یه‌كی بێلایه‌نی پێكهێناوه لێكۆڵینه‌وه له روداوه‌كانی رۆژی شه‌ممه ده‌كات و هه‌ر كه‌سێك زیانی به گیانی هاوڵاتیان گه‌یاندبێت، سزا ده‌درێت."