"توركیا لە 4 رۆژدا 25 شوێنی لە هەرێم بۆردومان كردوە كە سەدان كیلۆمەتر لەسنوری ئەو وڵاتەوە دورن"
  2023-09-04       339       

تیمی كوردستانی عێراقی رێكخراوی سی پی تی ئەمریكی، ئەمڕۆ دوشەممە، لە راپۆرتێكدا ئاشكرایكرد، لە ماوەی چوار ڕۆژی ڕابردودا، سوپای تورکیا 25 شوێنی لە هەرێمی کوردستان بە ئامانجگرتوە، کە بە سەدان کیلۆمەتر لە سنوری نێوان عێراق-تورکیاوە دورن."

ئاوێنە: تیمی كوردستانی عێراقی رێكخراوەكە، سەبارەت بە بۆردومانەكان وتوشیەتی، ئێوارەی 31ی ئاب، سوپای سەربازی تورکیا زنجیرەیەک بۆردومانی بۆسەر گوندەکانی بۆڵێ و سڵێ و ئیسێوە لە دەڤەری پشدەر و گوندی گەڵاڵە لە قەزای ماوەت ئەنجامدا.

ئەوەشی خستۆتەڕو، هەرچەندە، لەو بۆردومانانەدا هیچ هاوڵاتییەکی مەدەنی نەبوە قوربانی، بەڵام گوندنشینانی گوندی ئیسێوە، لەترسی بە ئامانجگرتنیان لەناو ماڵەکانیاندا، بۆ چەند کاتژمێرێک ماڵەکانیان چۆڵ کردو لەدەرەوە مانەوە.

رێكخراوەكە هێمای بۆ ئەوەش كردوە، لەکاتی بۆردومانەکانی گوندی گەڵاڵەشدا، جوتیارانی ئەو گوندە خەریکی کشتوکاڵ و جوتیاری بون لە زەوییەکانیاندا و بەهۆی بۆردومانەکانەوە بۆ چەند کاتژمێرێک پەیوەندییان لەگەڵ خێزانەکانیاندا پچڕاو تاوەکو درەنگانێکی شەو نەیانتوانی بگەڕێنەوە ناو خانەوادەکانیان.

وەك راپۆرتەكە ئاماژەی پێداوە، لە رۆژی 2ی ئەیلولیش، تورکیا بۆردوومانی گوندی کانی میرانی کۆماری کرد لە پێنجوێن و "هیچ هاوڵاتییەکی مەدەنی نەبوە قوربانی لەو بۆردومانەدا."

تیمی كوردستانی عێراقی رێكخراوی سی پی تی ئەمریكی راشیگەیاندوە"سەرباری زیانگەیاندن بە خانو و بینای هاوڵاتیانی مەدەنی، بەهۆی بۆردومانەکانی ئەم دواییەی دەوڵەتی تورکیاوە بە دەیان زەوی کشتوکاڵی سوتاون کە ئەمەش بۆتە هۆی زیان گەیاندن بە ژینگە و ئابوری گوندەکان."

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×