نوسینگەی سلێمانی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی تاوانە رێكخراوەكان رایگەیاند، لە سلێمانی چوار تۆمەتبار لەسەر بازرگانیكردن بە گورچیلەی مرۆڤەوە دەستگیركران.
ئاوێنە: نوسینگەی سلێمانی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی تاوانە رێكخراوەكان، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی"دوێنێ سێشەممە، ھەردو ھۆبەی لێکۆڵینەوەو بەدواداچونی سەربە نوسینگەکەمان توانیان چوار تۆمەتباری عێراقی دەستگیربکەن کە تاوانی دەڵاڵیکردنی (کڕین و فرۆشتنی) گورچیلەیان لە شاری سلێمانی ئەنجامداوە."
ئەوەشی خستۆتەڕو"تۆمەتبارەکان یەکێکیان کوردەو سیانیان بە ڕەگەزنامە عەرەبن، دوای دەستگیرکردنیان بە بڕیاری دادوەر بە گوێرەی حوکمی مادە 5 لە یاسای ژمارە 28ی ساڵی 2012ی بەرەنگاربونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ، بەرکار لە هەرێمی کوردستان ڕاگیران."
ئاماژەی بەوەشداوە كە "لە ئێستادا لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان بەردەوامە."