بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی لە كۆبونەوەیدا لەگەڵ باڵیۆزی سوریا لە عێراق، لەبارەی دۆخی سوریاش رایگەیاند، گفتوگۆ و لێكتێگەیشتن تەنیا رێگەی چارەسەركردنی كێشەكانە. دەشڵێت: "لەپێناو بەدیهێنانی ئەو ئامانجەشدا ئێمە هاوکارو پشتیوان دەبین."
ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەكەی، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەغدا پێشوازیکرد لە سەتام جەدعان ئەلدندح، باڵیۆزی سوریا لە عێراق.
بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لەدیدارەکەدا "گەشەپێدانی پەیوەندیی لەمێژینەی نێوان یەکێتی، هەرێمی کوردستان و سوریا جەختیلێکرایەوە، دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکەو بەردەوامیی هەوڵەکان بەئاڕاستەی چارەسەرکردنی کێشەکان و پاراستنی سەقامگیری گفتوگۆی لەبارەوەکرا."
لەبارەی پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە و هەنگاوەکانی روبەڕوبونەوەی تیرۆر، بافڵ تاڵەبانی رایگەیاند، "فراوانکردنی هەماهەنگییە سەربازی و هەواڵگرییەکان فاکتەرێکی گرنگی سەرکەوتنی هەوڵەکانە بۆ پاراستنی ئاسایش و ئارامی و روبەڕوبونەوەی پاشماوەکانی تیرۆریستان."
سەبارەت بە دۆخی سوریا و دوایین گۆڕانکارییە سیاسییەکان بافڵ تاڵەبانی وتی، "چارەسەری ئاشتییانەی کێشەکان و گەڕانەوە بۆ گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن تەنیا رێگەی چارەسەرکردنی کێشەکان و زاڵبونە بەسەر ئاڵنگارییەکاندا، لەپێناو بەدیهێنانی ئەو ئامانجەشدا ئێمە هاوکارو پشتیوان دەبین."