بافڵ تاڵەبانی: پاراستنی قەوارەی هەرێم پەیوەستە بە یەكهەڵوێستیمانەوە
  2023-09-13       386       

بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی لە كۆبونەوەیدا لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریكا، لەبارەی كێشەكانی نێوان بەغداو هەولێر رایگەیاند، ژیانی خەڵکەکەمان زۆر لەوە گەورەترە كە بکرێتە قوربانیی ململانێ سیاسییەکان و هەمو هەنگاوێکیش لەپێناو کۆتاییهێنان بەو دۆخە نەخوازراوە دەگرینەبەر. سەبارەت بە دۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستانیش وتی، پاراستنی قەوارەی هەرێم و بەهێزیمان پەیوەستە بە یەکگرتویی و یەکهەڵوێستیمانەوە، بۆ ئەمەش لەهەوڵەکانمان بەردەوامین.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەكەی، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەغدا پێشوازی لە ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عیراق کرد.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لەدیدارەکەدا دوایین پەرەسەندنە سیاسی، ئابوری، ئەمنییەکان و کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا گفتوگۆیان لەبارەوەکرا و جەخت لە "چارەسەری دەستوری و سیاسییانەی کێشەکان کرایەوە بەشێوەیەک کە وەڵامدەرەوەی خواستی هەمولایەک بێت و سەقامگیریی ناوچەکە پارێزراوبێت."

بافڵ تاڵەبانی "پەرۆشیی یەکێتی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دوپاتکردەوە" و رایگەیاند، "ناکرێت گوزەرانی خەڵک و شایستەداراییەکان بە بابەتە سیاسییەکانەوە ببەسترێتەوە، چونکە ژیانی خەڵکەکەمان زۆر لەوە گەورەترە کە بکرێتە قوربانیی ململانێ سیاسییەکان و هەمو هەنگاوێکیش لەپێناو کۆتاییهێنان بەو دۆخە نەخوازراوە دەگرینەبەر."

وتیشی، "پاراستنی ئارامیی ناوچەکە ئەرکی هەمومانە و دەبێت بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە بکرێت، هیچ سەقامگیرییەکیش بەدینایەت ئەگەر بەسەر ئاڵنگارییەکاندا زاڵنەبین و هەمومان لەپێناو داهاتویەکی گەشتردا تێنەکۆشین."

دۆخی گشتیی هەرێم و پرسی هەڵبژاردن تەوەرێکیتری دیدارەکە بون و لەوبارەیەوە بافڵ تاڵەبانی وتی، "پێویستە هەمو پرسە نیشتمانییەکان کۆدەنگیی هەمو لایەنەکانی لەسەربێت و هەمو هەوڵێکیش لەدەرەوەی ئەو ئیرادەیە رەتدەکەینەوە، پێمانوایە پاراستنی قەوارەی هەرێم و بەهێزیمان پەیوەستە بە یەکگرتویی و یەکهەڵوێستیمانەوە، بۆ ئەمەش لەهەوڵەکانمان بەردەوامین."

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×