ئاژانسێكی ئێرانی: دەستكراوە بە لابردنی بارەگای حزبەكانی رۆژهەڵات لە هەرێمی كوردستان
  2023-09-13       714       

ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی بڵاویكردەوە، لەگەڵ نزیكبونەوەی مۆڵەتی ئێران بۆ عێراق لەبارەی چەكداماڵینی حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، پڕۆسەی لابردنی بارەگاكانی ئەو حزبانە لە نزیك سنورەكانی ئێران لە هەرێمی كوردستان، دەستی پێكردوە.

ئاوێنە: ئاژانسە ئێرانییەكە، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، لە زاری سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە بڵاویكردۆتەوە، پڕۆسەكە چەند سەعاتێكە دەستی پێكردوەو لابردنی بارەگاكانی كۆمەڵە، حزبی دیموكرات، پژاك و پارتی ئازادیی كوردستان، لەسەر سنوری ئێران و لە چەند شوێنێكی دیكەی هەرێمی كوردستان كە نزیكن لە ئێران، دەگرێتەوەو ئەندامانی ئەو حزبانە دەگوازرێنەوە بۆ چەند كەمپێك لەناو قوڵایی خاكی هەرێمی كوردستاندا.

بەپێی ئاژانسی تەسنیم، لە دوای ئەو قۆناغە، ئەو حزبانە بەتەواوەتی لە چەك دادەماڵرێن، بەپێچەوانەوە ئەگەر ئەو بارەگایانە بەتەواوەیت لانەبرین یان ئەگەر بەشێك لەو حزبانە لابردنی بارەگاكانیان رەتبكەنەوە، ئەوا دۆخەكە دەگەڕێتەوە بۆ بەر لە ئەنجامدانی رێككەوتنی ئەمنی و ئێران هەڵدەسێت بە "بەرگری لە وڵاتەكەی."

ئاژانسەكە ئەوەشی خستۆتەڕو، لەگەڵ نزیكبونەوەی كۆتایی ئەو مۆڵەتەی كە ئێران بە عێراقی داوە بۆ چەكداماڵینی حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان، هێزە زەمینییەكانی سوپای پاسداران، بەشێك لە چەك و كەرەستەی سەربازییەكانی خۆی رەوانەی ناوچە سنورییەكانی ئێران لەگەڵ هەرێمی كوردستان كردوە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×