هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی، هۆشداری دەدا لەوەی ئێستا قەوارەی هەرێمی کوردستان کەوتوەتە بەردەم مەترسی هەڵوەشاندنەوە و دەڵێت، پێویستە پارێزگاری لە مانەوەی بکرێت چونکە "پاراستنی قەوارەی هەرێم پاراستنی یەکێتی و پارتی نییە، بەڵکو بۆ پاراستنی خۆمان و وڵات و شەهیدەکانمانە."
ئاوێنە: هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی، ئەمڕۆ چوارشەممە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "قەوارەکە هاتۆتە بەردەم مەترسی هەڵوەشان و نەمانی هاوڵاتیەکانی، دەبینەوە بە هاوڵاتی پلە دو و پەراوێزخراو، دەمانباتەوە ناو کەمپەکان، دەمانکەنەوە بە کارەکتەری نا کاری."
لەبارەی ئەم بارودۆخەی هەرێمەکە پێیدا تێپەڕدەبێت، هەڤاڵ ئەبوبەکر وتی،"لەدەستدانی قەوارەی هەرێم لەدەستدانی کوردستانە بەگشتی. پاراستنی قەوارەی هەرێم پاراستنی یەکێتی و پارتی نییە، بەڵکو بۆ پاراستنی خۆمان و وڵات و شەهیدەکانمانە."
سەبارەت بە هۆکاری ناکۆکیەکان، پارێزگاری سلێمانی وتی، "هۆکارەکانی ناکۆکی لە ناو کوردا زۆرن، مێژویەکی دورودرێژی هەیە، لە چاڵدێرانەوە تا ئێستا یان لە دوای کەوتنی دەوڵەتی ماددەوە تا ئێستا تێدا دروست بوە. لە سایەی لایەنە سیاسییەکانەوە وایلێهاتوە کورد قوربانی و جەللاد لە یەک جیا نەکاتەوە. ڕزگارکەرو داگیرکەر لە یەک جیا نەکاتەوە. ئەم پەرتەوازەییە هۆکارەکەی ئەوەیە کە کورد نەیتوانیوا بگات بە هەمو ئامانجەکانی خۆی."
هەڤاڵ ئەبوبەكر وتوشیەتی"لە سەد ساڵی ڕابردودا کورد هۆکاری سەرەکی لە دەستدانی ئەو هەل و دەرفەتانە بوە کە دەبو خۆی تێدا ببینێتەوە."
هەڤاڵ ئەبوبەکر بە پێویست دەزانێت لایەنەکان ناکۆکییە نێوخۆییەکان تێپەڕێنن و بەرنامەیەکی هاوبەش دابنێن، بەجۆرێک هیچ لایەنێک نەکەوێتە دەرەوەی پرۆسەکە. وتوشیەتی"دەبێت بەرنامەیەکی نیشتمانی دابنرێت بۆ مانەوەی قەوارەو خەڵکی هەرێمی کوردستان، ئەمە لە حزب و سەرکردە گەورەترە."
ئەوەشی خستۆتەڕو "دەبێت بە بیڕیکی وردتر بیری بۆ بکرێتەوە. دەکرێت ئەم دۆخە بکرێتە دەرفەتێکی باش ئەگەر ئیرادەیەکی هاوبەشمان هەبێت، ئێمە بتوانین تەجاوزی ئەو ڕق و کینەو شەڕە بکەین کە لەڕابردو کردومانن و دۆخێکی تازە بهێنینە کایەوە، سەرکردایەتییەکی تازە دوست بکەین کە کۆکەرەوە بێت و خەمی ئینسانی کوردی هەبێت و خەمی پاراستنی قەوارەکەو ئابوری نیشتیمانی بێت. مەترسییەکان گەورەن بەڵام دەرفەتی زاڵبونەوە لە بەرامبەردا زۆر ئاسانە."
لەگەڵ بەردەوامی ئالۆزییەکانی نێوان هەولێر و بەغداو قەیرانەکانی حکومەتی هەرێم، هاوکات تورکیا بەردەوامە لە چالاکییە سەربازییەکانی دژ بە پەکەکە لەسەر سنور. ئەمە سەرەڕای هەڕەشەکانی ئێران بۆ هێرشکردنە سەر هەرێم لە ئەگەری جێبەجێ نەکردنی ڕێککەوتننامەیەکی نێوان عێراق و ئێران.
لەم بارەوە پارێزگاری سلێمانی ڕایگەیاندوە"بە دەوڵەتانی ناوچەکەمان وتوە، گەر پێتانوابێت سود لە خاکی هەرێم وەرگیراوە بۆ هێرشکردنە سەرتان، ئێوەش کوردستانتان کردوەتە گۆڕەپانێک بۆ یەکلایی کردنەوەی ئەجێندا ئەمنی و سەربازییەکانتان."
پارێزگاری سلێمانی داواشی كردوە، کورد خۆی تێکەڵی ململانێ ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان نەکات، چونکە وەک خۆی وتویەتی، ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت جەنگێکی نێودەوڵەتی و ناوچەییە و کورد ڕۆڵی سەرەکی نییە تێیدا.
هەڤاڵ ئەبوبەکر ڕایگەیاند، "کورد نابێت ببێتە داش و دەستکەلای هیچ لایەک، دەبێت خۆی بپارێزێت. دەبێت کورد پەند لە سەدەی ڕابردو وەربگرێت، کە توشی زەرەری گەورە بو لە نێوان ڕۆم و عەجەم و عوسمانی و سەفەوی."