وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند، داوا لە هەولێرو بەغدا دەكەن ناكۆكییەكانیان لەبارەی بودجە بەشێوەیەك چارەسەر بكەن كە لە بەرژەوەندیی هەمو خەڵكی عێراقدا بێت.
ئاوێنە: ماتيو میلەر، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئەمڕۆ چوارشەممە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، هەر وەک لە کۆبونەوەی لیژنەی هەماهەنگی باڵای ئەمەریکا و عێراق لە مانگی شوباتی ئەمساڵ دوپاتمان کردەوە، داوا لە حکومەتی عێراق و بەرپرسانی هەرێمی کوردستان دەکەین ناکۆکییەکانیان سەبارەت بە بودجە چارەسەر بکەن، بەجۆرێک لە بەرژەوەندی هەمو خەڵكی عێراق دابێت، وەک ئەوەی لە دەستوری عێراقدا داواکراوە.
ئەوەش لەكاتێكدایە كە ئەمڕۆ پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، بەمەبەستی گفتوگۆو ئەنجامدانی ژمارەیەک کۆبونەوە لەبەغدا، سبەی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیران و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران و شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکەن.
وتەبێژی حكومەت جەختی كردەوە كە "هەرێمی کوردستان مەبەستییەتی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بگاتە ئەنجام و خەڵکی هەرێمی کوردستان وەک هەمو ناوچەکانی دیکەی عێراق شایستە داراییەکانیان و لەنێویاندا موچەیان پێبدرێت."
ئاماژەی بەوەشدا"حکومەتی هەرێم پابەندی ڕێکەوتنەکانە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ، سەردانی سەرۆک وەزیران و جێگرەکەی و تیمی حکومەت، نیشاندانەوەی نییەتی سەرۆک وەزیران و حکومەتی هەرێمە بۆ گەیشتنە ئەنجام و چارەسەری کێشەکان لەڕێگای جێبەجێکردنی ڕێکەوتنەکان، بەتایبەتی جێبەجێکردنی یاسای بودجە."