نەوەی نوێ‌ بۆ مەسرور بارزانی: ئەو دۆخەی هۆشداری لەبارەیەوە دەدەیت خۆت دروستت كردووە
  2023-09-14       974       

رێبوار ئەوڕەحمان، وتەبێژی فراكسیۆنی جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌ لە پەرلەمانی عێراق مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانی بەهۆكاری ئەو دۆخە زانی، كە خۆی هۆشداری لەبارەوە داوە و رایگەیاند، دۆخەکە زۆر لەوە ئاڵۆزترە، كە مەسرور بارزانی لە نامەكەیدا بۆ سەرۆكی ئەمریكا ئاماژەی پێكردووە.

ئاوێنە: رێبوار ئەوڕەحمان لەمیانی لێدوانێكیدا رایگەیاند، مەسرور بارزانی خۆی بەرپرسە لە خراپتربوونی دۆخەکە و ئەویش بەشێکە لەو كێشانەی ئێستا هەرێمی كوردستانی گرتووەتەوە.

ئەو پەرلەمانتارەی نەوەی نوێ‌ راشیگەیاندووە، پەیامەکەی مەسرور بارزانی بۆ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا ڕەنگدانەوەی ئەوەیە، کە دۆخەکە لە ناوچەکەدا زۆر مەترسیدارە، زۆر لەوە ئاڵۆزتریشە، كە سەرۆكی حكومەت ئاماژەی پێكردووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، چاککردنەوەی دۆخەکە پێویستی بە گۆڕانکاری هەیە، چونکە بارزانی و لایەنە دەسەڵاتدارەکان بەشێکی سەرەکین لە کێشە جۆراوجۆرەکانی کوردستان.

تۆڕی نێودەوڵەتی ئەلمۆنیتەر، لە ڕێگەی ڕاپۆرتێکەوە ئاشكرایكرد، كە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی، نامەیەکی ئاراستەی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا کردووە و داوای لێکردووە دەستوەردانی “بەپەلە” بۆ ڕزگارکردنی هەرێمی کوردستان لەو دۆخەی تێیكەوتووە بكات.

بەگوێرەی نامەکە، بارزانی هۆشداریداوە لە "داڕوخانی تەواوەتی هەرێمی کوردستان" ئەگەر جۆ بایدن، بە شێوەیەکی شەخسی دەستوەردان نەكات و فشار لە حكومەتی عێراق نەكات.

 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×