وەزیری تەندرووستی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، ژمارەی تووشبووانی كۆلێرا لە پارێزگای سلێمانی بۆ ١٣٠ تووشبوو بەرز بووەتەوە، دەشڵێت: كۆلێرا لەگەڵ وەرزی پایزدا بڵاو دەبێتەوە، بەڵام بە هاتنی وەرزی زستان كۆتایی دێت.
ئاوێنه: سامان بەرزنجی، وەزیری تەندرووستی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی نەخشی كۆلیرا لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان دەدوێت.
سامان بەرزنجی ڕایگەیاند، لە سلێمانی ژمارەی تووشبوون بە كۆلێرا گەیشتووەتە ١٣٠ حاڵەت، هەروەها ٢٠٪ی ئەو كەسانە تەنها توشی سكچوون بوون، دەشڵێت: حاڵەتەكانی ئەم نەخۆشییە لە سەرجەم پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان هەیە.
ئاماژەی بەوەش كرد، كۆلێرا لەگەڵ وەرزی پایزدا بڵاو دەبێتەوە، بەڵام بە هاتنی وەرزی زستان كۆتایی دێت، دەرمانی دژە كۆلێرا لە عێراق و هەرێمی كوردستان لە بەردەستە.
لە كۆتاییدا وەزیری تەندرووستی دەشڵێت: وەزارەتەكەیان خەریكی ئامادەكردنی ڕاپۆرتێكە لە سەر نەخۆشییەكە بۆ ئەوەی پێشكەشی ئەنجومەنی وەزیرانن بكات، بۆ ئەوەی ڕێكارەكانی چارەسەركردن و ڕێگرییكردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەكە تاوتوێ بكەین.