مەسرور بارزانی: داوام لە سودانی كرد موچەی فەرمانبەران تێكەڵی ململانێ سیاسییەكان نەكرێت
  2023-09-14       404       

مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێم، رایگەیاند، ئەمڕۆ لە كۆبونەوەیاندا لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراقدا، داوایكردوە شایستە داراییەكان و موچەی فەرمانبەرانی هەرێم تێكەڵی ململانێ سیاسییەكان نەكرێن. دەشڵێت: سودانی جەختی كردەوە کە بە هەمو لایەک هەوڵبدرێت بۆ دابینکردنی پشتیوانیی سیاسی لەپێناو دۆزینەوەی هەرچی زوتری چارەسەرە بۆ گشت کێشەکان.

ئاوێنە: مەسرور بارزانی لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی"ئەمڕۆ لەگەڵ بەرێز قوباد تاڵەبانی و شاندی یاوەرم لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ بەڕێز محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەغدا کۆبوینەوە. لەکۆبونەوەکەدا جەختم لە چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستور و رێککەوتنەکان کردەوە."

سەرۆك وەزیرانی هەرێم وتوشیەتی"دوپاتمکردەوە، شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و موچەی فەرمانبەران تێکەڵی ململانێ سیاسییەکان نەکرێن، پێویستە بەزوترین کات ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت و موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان چیدیکە بۆ وەرگرتنی مافەکانیان لە چاوەڕوانیدا نەبن. هەروەها بیری هەمولایەکمان خستەوە، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی خۆی جێبەجێکردوەو هەمان چاوەڕوانیمان لە حکومەتی عێراقی فیدراڵ هەیە."

بەپێی قسەی مەسرور بارزانی لە كۆبونەوەكەدا "سودانیش ئامادەیی خۆی نیشاندایەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستورو یاساکان و جەختی لەوە کردەوە کە بە هەمو لایەک هەوڵبدرێت بۆ دابینکردنی پشتیوانیی سیاسی لەپێناو دۆزینەوەی هەرچی زوتری چارەسەرە بۆ گشت کێشەکان."

سەرۆك وەزیرانی هەرێم وتوشیەتی"بە بڕوای ئێمە عێراق خاوەن سەرمایەیەکی گەورەی مرۆیی و سروشتییەو بە رەخساندنی کەشێکی لەبارو بەڕێوەبردنێکی باش، هەمو عێراق بەرەو قۆناغێکی پێشکەوتوتر و گەشەسەندوتر هەنگاو دەنێت."

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×