نوسینگەی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە كۆبونەوەی نێوان محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی پەرلەمان و وەفدی هەرێمی كوردستاندا جەخت لە زامنكردنی موچەی فەرمانبەران لە سەرتاسەری وڵات كرایەوە. مەسرور بارزانی-ش دەڵێت: بە سەرۆكی پەرلەمانی عێراقی وتوە "پاڵپشتی ئێوە پێوستە بۆ چارەسەری کێشەکان."
ئاوێنە: محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، ئەمرۆ پێنجشەممە، پێشوازی کرد لە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و شاندی یاوەریان.
بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، "لە دیدارەکەدا تاوتوێی بارودۆخی سیاسی وڵات و کێشە دارایی و یاساییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم کرا، جەختیش کرایەوە لەسەر گرنگی چارەسەرکردنیان و زامنکردنی موچەی فەرمانبەران لە سەرتاسەری وڵاتدا."
هاوكات مەسرور بارزانی لەبارەی كۆبونەوەكەوە لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی"لە کۆبونەوەماندا لەگەڵ بەڕێز محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بەوردی باسی ژمارەو داتاکانمان کرد سەبارەت بە مافەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان. هەروەها پێم ڕاگەیاند کە موچەخۆران لە ناوچەکانی دیکەی عێراق، موچەی تەواویان وەرگرتوە، لەکاتێکدا خەڵکی هەرێمی کوردستان لە سەختیدا دەژین، بۆیە ئاماژەم بەوەدا کە پاڵپشتی ئێوە پێوستە بۆ چارەسەری کێشەکان، کە چارەسەرێکی ڕیشەیی دەوێت و نابێت خەڵکی ئێمە چیدیکە لە دڵەڕاوکێدا بن."