مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، یەكشەممەی داهاتو ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە كۆبونەوەی خۆیدا لەبارەی ئەو پرسانەی كە ئەمڕۆ تاوتوێیان كردون بڕیاری یەكلاكەرەوە دەدات كە یەكێك لەو پرسانە ناردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستانە و دەشڵێت، زۆر گەشبینم كە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە كۆبونەوەكەیدا بڕیاری باش دەدات.
ئاوێنە: مەسرور بارزانی، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەنوسان لەبارەی ئەنجامی كۆبونەوەكانیان رایگەیاند"رۆژی یەكشەممەی داهاتو كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دەكرێت، زۆر لەو بابەتانەی كە ئەمڕۆ باسكراون، لەوێ لەوانەیە كۆتا بڕیاریان لەبارەوە بدرێت."
وتیشی"گەشبینین بە كۆبونەوەكانی ئەمڕۆمان و ئەنجامی باشیان دەبێت."
ئاماژەی بەوەشدا"ئێمە هاتوین بۆ ئێرە تا پارێزگاری لە بەرژەوەندییەكانی خەڵكی كوردستان بەپێی دەستور بكەین. هەمو شایستە داراییەكان و مافە دەستورییەكانی هەرێم دەستەبەر بكەین، لێرە گفتوگۆ لەسەر رێكارەكان كراوە بۆ ئەوەی بتوانین لەگەڵ جەنابی سەرۆك وەزیرانی عێراق پاڵپشتی و هاوكاری لایەنە سیاسییەكانیش دابین بكەین تاوەكو بتوانین بە ئەنجامێكی باش بۆ خەڵكی كوردستان بگەڕێینەوە."
هەروەها لەبارەی ناردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم، مەسرور بارزانی وتی"زۆر گەشبینم كە لە كۆبونەوەی هەفتەی داهاتوی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری باش دەدرێت."