مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە كۆبونەوەیەكدا لەگەڵ "نوێنەرانی پێكهاتەكانی پارێزگای كەركوك" رایگەیاند، پێویستە هەمو لایەك لە ئیدارەدان و بنیاتنانی داهاتوی ئەو شارەدا بەشدار بن و كێشە و گرفتەكان لە ڕێگەی دیالۆگ و بە گوێرەی یاساو دەستور چارەسەر بكرێن.
ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی بارەگای بارزانی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە سەلاحەددین مەسعود بارزانی لەگەڵ نوێنەرانی پێكهاتە جیاجیاكانی پارێزگای كەركوك كۆبۆتەوە.
بارەگای بارزانی ئاماژەی بەوەداوە، لە كۆبونەوەكەدا ئامادەبوان بیروڕایان لەبارەی ڕوداوەكانی ئەم دواییەی كەركوك و دۆخی گشتیی پارێزگای كەركوك و مەترسی و هەڕەشەكانی بەردەم سەقامگیری و پێكەوەژیانی پارێزگای كەركوك خستەڕو.
بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لە كۆبونەوەكەدا، مەسعود بارزانی جەختی لەوە كردۆتەوە كە "كەركوك شاری پێكەوەژیان و برایەتییە و پێویستە هەمو لایەك لە ئیدارەدان و بنیاتنانی داهاتوی ئەو شارە بەشدار بن و، بە پێویستیشی زانی كێشەو گرفتەكان لە ڕێگەی دیالۆگ و بە گوێرەی یاسا و دەستور چارەسەر بكرێن."