پەرلەمانتارێك: سه‌ردانه‌كه‌ی مەسرور بارزانی لەپێناو زیادكردنی قه‌رزی مانگانه‌یه‌ بۆ 800 ملیار دینار
  2023-09-14       557       

مستەفا سەنەد، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، سەردانەكەی ئەمڕۆی مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێم بۆ بەغدا لەپێناو زیادكردنی ئەو قەرزە مانگانەیەیە كە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریداوە مانگانە بیداتە هەرێمی كوردستان.

ئاوێنە: مستەفا سەنەد، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس نوسیویەتی، سەردانەكەی مەسرور بارزانی بۆ بەغدا بەمەبەستی گوشار خستنە سەر سەركردە سیاسییەكانە تاوەكو ئەنجومەنی وەزیران بڕیاربدات قەرزی مانگانە بۆ هەرێمی كوردستان لە 500 ملیار دینارەوە بۆ 800 ملیار دینار زیادبكات.

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق وتوشیەتی، شێوازی مەسرور بارزانی ئەوەیە كە بەتەنیا بێت لەگەڵ سەركردە عێراقییەكانداو ئیحراجیان بكات.

ئه‌مڕۆ به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و ناردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم له‌لایه‌ن حكومه‌تی فیدڕاڵیه‌وه‌، وەفدێكی باڵای حكومه‌تی هه‌رێم به‌سه‌رۆكایه‌تی مه‌سرور بارزانی سه‌رۆك وه‌زیران و ئەندامێتی قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیران و ئاوات شێخ جه‌ناب، وه‌زیری دارایی و ئابوری و رێبه‌ر ئه‌حمه‌د، وه‌زیری ناوخۆ و ئومێد سه‌باح، سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و ئامانج ره‌حیم، سكرتێری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و پێشه‌وا هه‌ورامانی، وته‌بێژی حكومه‌ت گه‌یشتنه‌ به‌غدا.

مەسرور بارزانی لەدوای كۆبونەوەكانیان لەگەڵ سەرۆك وەزیران، سەرۆك كۆمار، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق و چەند سەركردەیەكی عێراقیدا لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەنوسان رایگەیاند، یەكشەممەی داهاتو ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە كۆبونەوەی خۆیدا لەبارەی ئەو پرسانەی كە ئەمڕۆ تاوتوێیان كردون بڕیاری یەكلاكەرەوە دەدات كە یەكێك لەو پرسانە ناردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستانە. وتیشی، زۆر گەشبینم كە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە كۆبونەوەكەیدا بڕیاری باش دەدات.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×