مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەبارەی دابینكردنی سێ موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، رایگەیاند، لە گفتوگۆكانیاندا لە بەغدا داوای موچەی هەمو مانگەكانی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانیان كردوە.
ئاوێنە: مەسرور بارزانی، لە نوێترین لێدوانیدا بۆ رۆژنامەنوسان، لەبارەی گفتوگۆی وەفدی باڵای حكومەتی هەرێم لەبەغدا وتی"گفتوگۆكان بەردەوامن، هیوادارین بتوانین بگەینە هەندێك رێكار كە هەمو شایستەو مافەكانی خەڵكی كوردستان دابین بكەین."
لەبارەی ئەوەی داوای بڕی چەند پارەتان كردوە لەكاتێكدا ئێوە بە 500 ملیار دینار قەرزی مانگانە رازی نەبون، مەسرور بارزانی وتی، "جارێ با لەسەر ژمارە قسە نەكەین."
حكومەتی هەرێمی كوردستان هێشتا موچەی مانگەكانی حەوت، هەشت و نۆی ئەمساڵی دابەش نەكردوە، لەبارەی ئەوەی موچەی سێ مانگ دابین دەكرێت؟ مەسرور بارزانی وتی، "ئێمە داوامان كردوە هەمو موچەكان بۆ هەمو مانگەكان دابین بكرێت."
بەپێی قسەی سەرۆك وەزیرانی هەرێم، قسەی حكومەتی عێراق ئەوەیە كە "دەڵێن هاوكار دەبین." وتیشی"ئەمە پێویستی بە پشتیوانی سیاسی هەیە، لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانیش لەگفتوگۆداین بۆ ئەوەی بتوانین ئەم پشتیوانییەی كە سەرۆك وەزیرانی عێراق پێویستییەتی دابینی بكەین."
لەبارەی ئەنجامی كۆبونەوەكانیان، مەسرور بارزانی وتی"ئێمە گەشبینین، بەڵام با چاوەڕوان بین بزانین ئەنجامەكە چۆن دەبێت."