نوری مالیكی، سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، لەدوای كۆبونەوەی لەگەڵ وەفدی باڵای هەرێم رایگەیاند، كێشەیەكی وا بونی نییە كە چارەسەركردنی لەنێوان حكومەتی فیدرال و حكومەتی هەرێمدا قورس بێت، لەو گفتوگۆیانەی كە ئەمڕۆ كراون چارەسەرێكیان لێدەكەوێتەوە كە هەموان پێی رازی بن.
ئاوێنە: نوری مالیكی، ئەمشەو پێنجشەممە، لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەنوسان رایگەیاند"لە چوارچێوەی ستراتیژییبونی پەیوەندی و شەراكەتی راستەقینە لەنێوان سەرجەم پێكهاتەكانی گەلی عێراقداو پرسە هاوبەشەكانی نێوان حكومەتی فیدرال و حكومەتی هەرێمدا، گرنگە بەلامانەوە كە گەلی كورد لە سایەی حكومەتەكەیدا، هەروەك هەمو گەلی عێراق لە سایەی حكومەتی فیدرالیدا، لە ئاسایش و ئارامی و خۆشیدا بژی و عێراقییەكان سود لە سامانەكانیان وەربگرن."
هەروەها وتیشی"لەو باوەڕەدا نیم كێشەیەكی وا هەبێت كە چارەسەركردنی قورس بێت لەنێوان حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێمداو بەڵكو ئەوەی هەیە پڕۆسەی پێداچونەوەو لێكتێگەیشتنە كە ئەمەش لەو گفتوگۆیانەی ئەمڕۆ كراون لەنێوان سەرۆك وەزیرانی عێراق و وەفدی باڵای هەرێم و لەنێوان ئێمەو وەفدەكە، بە چەند چارەسەرێك لەچوارچێوەی یاساو دەستوردا كۆتایی دێت كە هەموان پێی رازی بن."
لەبارەی ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم، مالیكی وتی، وا دەردەكەوێت لەڕێگەی ئەو رێككەوتنەی لەنێوان حكومەتی فیدرال و حكومەتی عێراق كراوە، بنێردرێت.
لەبارەی ئەوەی بۆچی رێككەوتنەكان دەكرێن و زۆر جار جێبەجێ ناكرێن؟ مالیكی وتی"رێككەوتنە سیاسییەكان بۆ ئەوە كراون جێبەجێ بكرێن، بۆ ئەوە نەكراون بخرێنە نێو رەفەكان. ئەگەر ئاڵۆزییەكیش لە بڕگەیەكی رێككەوتنەكاندا هەبێت، بە گفتوگۆ چارەسەردەكرێت و جێبەجێ دەكرێت."
جەختیشی كردەوە كە "دەستور گەرەنتییە بۆ هەرێمی كوردستان."