كەشناسی هەرێم پێشبینی دەكات لەماوەی 48 سەعاتی داهاتودا لە ناوچە جیاجیاكانی خۆڵبارینێكی سوك بێت و پلەكانی گەرماش ناجێگیردەبن.
ئاوێنە: بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی ھەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا وتی، ئەمڕۆ هەینی، ئاسمان ساماڵ دەبێت لەگەڵ بونی تۆزێکی سوک لە کەشدا بەشێوەیەکى گشتى لە باکورى هەرێم کەمێک زیاتر دەبێت.
هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە ئەمڕۆ پلەكانی بەگشتی نزیکەی 1 تا 2 پلە نزمتر دەبن بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ، بەڵام لە هەندێک ناوچە بە جێگیرى دەمێنێنەوە.
هەر بەپێی راگەیەندراوەكە، سبەی شەممە، ئاسمان ساماڵ دەبێت لەگەڵ بونی تۆزێکی سوک و پلەكانی گەرما لەچاو تۆمارکراوەكانی ئەمڕۆ، كەمێك بەرزتر دەبنەوە.
كەشناسی هەرێم پێشبینی كردوە بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ سبەی بەم جۆرە بن: ھەولێر: 38، سلێمانی: 34، دھۆک: 33، کەرکوک: 39، ھەڵەبجە: 36، سۆران: 34، گەرمیان: 40 پلە.