لاهور شێخ جەنگی لەمیانی چاوپێكەوتنێكدا كە لە مانگی 11ی ساڵی رابردودا لەگەڵ كەناڵی روداو ئەنجامی دابو و بڵاونەكرایەوە دەڵێت، ئەگەر مەسرور بارزانی دەیەوێ چاكسازی بكات، با لە نێچیرڤان بارزانییەوە دەستپێبكات. میدیاكانی نزیك لە لاهور شێخ جەنگی دەڵێن، ئەمشەو دەقی چاوپێكەوتنەكە بڵاودەكەنەوە.
ئاوێنە: میدیاكانی نزیك لە لاهور شێخ جەنگی، ئەمڕۆ هەینی ریكلامی چاوپێكەوتنەكەیان بڵاوكردۆتەوەو دەڵێن، سەعات 7ی ئێوارەی ئەمڕۆ، دەقی چاوپێكەوتنەكە بڵاودەكەنەوە.
لەو بەشەی چاوپێكەوتنەكەدا كە بڵاوكراوەتەوە، لاهور شێخ جەنگی دەڵێت، كەس هەیە "لە داعش مەترسیدارترەو لە سەری سەرەوەی بەرپرسەكانی هەرێمی كوردستانە."
دەشڵێت"كاك مەسرور بانگەشەی ئەوە دەكات كە چاكسازی دەكات و دژی گەندەڵی وەستاوەتەوە، من خۆم ناتوانم بڕوا بەو قسانە بكەم...ئەبێ بێت لە كاك نێچیرڤان و دەوروبەرەكەیەوە دەست پێ بكات. لەبەرئەوەی لە سەردەمی نێچیرڤان بارزانی پێموایە هەندێك شت كراوە..."
لاهور شێخ جەنگی دەشڵێت "چاكسازی لەوانەوە دەست پێ بكەن كە بە ملیار دەدەزن رۆژانە...ئەوە سەرە گەورەكانن... چاكسازی لە سەری سەرەوە دەكرێت... ناوێرن دەست بۆ دۆسیە هەستیارەكان بەرن...كەسێك كە خۆی گەندەڵ بو ناتوانێت چاكسازی بكات."
دوای بێ هیوابونیان لە بڵاوبونەوەی چاوپێكەوتنەكە لە كەناڵی روداو، رۆژی 3ی 12ی 2022، نوسینگەی راگەیاندنی لاهور شێخ جەنگی لە رونكردنەوەیەكدا رایگەیاند"وەک ئاشکرایە لە ڕابردودا بۆ ماوەیەکی دورودرێژو بە هۆکاری ئەوەی کە بە کەناڵێکی نابەرپرسی زانیوە و کاری ڕاگەیاندنیان بۆ بەرژەوەندیی کەسی و سیاسی کردوە، بەڕێز لاهور شێخ جەنگی کەناڵی ڕوداوی بایکۆت کردبو."
نوسینگەكەی ئەوەشی خستەڕو"لە چەند ڕۆژی ڕابردودا ئەو کەناڵە چەند جارێک و لە ڕێگەی چەند کەسێکەوە داوای ئەنجامدانی چاوپێکەوتنێکیان کرد، سەرباری چەند جارێک ڕەتکردنەوە لەلایەن بەڕێزیان، بەڵام بڕیاربەدەستانی کەناڵەکە نیەتپاکی خۆیان دەربڕی و بە گرنگییەوە داوای ئەنجامدانی ئەو چاوپێکەوتنەیان کردەوە، هەر بۆیە بەڕێز لاهور شێخ جەنگی ڕەزامەندی دەڕبڕی، بەو مەرجەی دەقی چاوپێکەوتنەکە وەک خۆی لەو کەناڵە بڵاو بکرێتەوە، چاوپێکەوتنێکی دو کاتژمێری ئەنجامداو تیادا ڕاشکاوانە ڕاو سەرنج و ڕەخنە و بۆچونەکانی خۆی لەسەر کۆی گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە خستەڕو، بەڵام بەداخەوە کەناڵی ڕوداو نەیتوانی بەرگەی قسەکانی بەڕێزیان بگرێت، هەروەک پێشبینی کرابو بەهۆی هەندێک قسەی هەق و ڕەق لەسەر دەسەڵاتی ئەمڕۆی هەرێم و لایەنی سیاسی و تێوەگلانیان لە گەندەڵی و بەشێکی قسەکانیش کە دڵخوازی ڕوداو نەبو لەسەر ئەو کەسانەی کە تەمویلی کەناڵەکە دەکەن، خاوەنی بەڵێنی خۆیان نەبون و ئامادەنەبون چاوپێکەوتنەکە بڵاوبکەنەوە، بەمەش بەڕێز لاهور شێخ جەنگی ڕوی ڕاستەقینەی کەناڵی ڕوداوی بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان ئاشکرا کرد بەم کارەیان کە پێچەوانەی ئەخلاقیاتی کاری ڕاگەیاندنە، جارێکی تر سەلماندیان کە ناتوانن بانگەشەی پیشەییبون و ڕاستگۆیی بکەن و ئەوەیان تەئکید کردەوە کە ڕوداو بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی سیاسی و مەرامی کەسی دروستبوە، نەک کاری ڕاگەیاندن کە پیشەیەکی گرنگ و پیرۆزە."