وەزیری سەرچاوە ئاوییەكانی عێراق ڕایگەیاند، پێشبینییەكان ئەوە دەخەنە ڕوو، كە لە وەرزی زستاندا ئەگەری ڕوودانی لافاو هەیە لە عێراق، بۆیە بە مەبەستی ڕێگرییكردن لەو لافاوە، پێویستمان بە درووستكردنی (36) بەنداوی دیكە هەیە، بۆ گلدانەوەی ئاو.
ئاوێنه: عەونی زیاب، وەزیری سەرچاوە ئاوییەكانی عێراق سەبارەت ڕێژەی بەنداوەكان و پێوستی عێراق بۆ درووستكردنی بەنداوی نوێ بۆ میدیا ناوخۆییەكان ڕایگەیاند، وشكەساڵی هۆشداری ئەوەی پێداین كە لە داهاتوودا مەترسی كەمبوونەوەی ئاو هەیە، بۆیە لە هاوینی ئەمساڵ عێراق كەمترین ئاوی بەكارهێناوە، بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی ڕابردوو.
ڕوونیشی كردەوە، پێشبینییەكان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، لە زستانی داهاتوودا لافاو لە عێراق ڕووبدات، ئێستادا عێراق خاوەنی (30) بەنداوە، بۆیە پێویستە (36) بەنداوی دیكە هەیە، بۆ ڕیگرییكردن لە درووستبوونی لافاو، ئەمەش تێچووی زۆری پێویستە.
ئەوەشی خستۆتە ڕوو، ڕێژەی ئاوی ژێر زەوی لە هەرێمی كوردستان لە قوڵایی (300) مەترەوە بۆ (800) مەتر دابەزیوە.
لە كۆتایشدا وتی، ڕێككەوتنمان لەگەڵ ئێران كردووە بۆ بەردانەوەی ئاوی زیاتر، بۆیە ئاوی گلدراو لە بەنداوی دەربەندیخان دوای بەردانەوەی ئاو لەلایەن ئێرانەوە زیادی كردووە، توركیاش پرسی ئاو بە نەوت دەبەستێتەوە.