ئاژانسى ههواڵى ڕۆژنیوز لهزارى سهرچاوهكانیهوه مهترسیهكى گهورهى لهسهر ئهگهرى شهڕو پێكدادانى نێوان توركیاو پارتى لهگهڵ گهریلاكانى پهكهكه ئاشكراكردوهو دهڵێت، "تورکیاو پارتى لەسنورى برادۆست ئامادەکارییان دهستپێكردوه بۆ هێرشکردنەسەر گەریلا"، ڕاشیدهگهیهنێت، "بەناوی پاسەوانی سنورەوە هێزێکی زۆر بەچەکی قورسەوە براوهته ناوچەکەو تا کاتژمێر 4ى ئەم ئێوارەیە مۆڵەتیان بەخەڵکی ناوچەکەداوە کە چۆڵی بکەنو پێیان وتون شەڕ ڕوو دەدات، بەو هۆیەوە نزیکەی دوو هەزار خێزان ئاوارەبونە".
ئاوێنه: ئاژانسهكه ئهوهشى باسكردوه، ئەو هێزە زۆرەی پارتى کە لە13ى ئەم مانگەوه لەگەڵ هێزەکانی پاسەوانی سنوری ژێر دەسەڵاتی خۆیان، بەزیاتر لە200 زرێپۆشو تانکو ئۆتۆمبێلی سەربازییو چەکی قورسو زیاتر لەهەزار چەکدارەوە بەرەو کوێستانەکانی برادۆست ڕۆشتن، لەوێ جێگیربون.
ئهوهش ئاشكراكراوه، سەرەتا ئەو هێزە لەژێر ئاڵای عێراقداو بەناوی پاراستنی سنورەوە لەناوچەکە جێگیربونو نزیکبونەوە لەهەرێمەکانی پاراستنی مەدیا، کە گەریلا دەیانپارێزێت، پاشان لەشەوی ڕابردووەوە دەستیان بەئامادەکاریکردوە بۆ هێرشکردنەسەر گەریلا لەهەرێمەکانی پاراستنی مەدیا.
سەرچاوەیەکیش ئاشكرایكردوه، دوێنێ شەو نزیکهى کاتژمێر 10ى شەو، هێزهكانى پارتى لەڕێگەی موختارو ڕیش سپیو سەرۆک عەشیرەتو کەسایەتییە دیارەکانی ناوچەکەوە، کۆچەرییو جوتیارو گوندنشینانی کوێستانەکانی برادۆستیان ئاگادارکردۆتەوە، بەتایبەتی ئەو ناوچانەی نزیکن لەهەرێمەکانی پاراستنی مەدیاوە کە بەزوترینکات چۆڵی بکەن، چونکە شەڕ ڕودەدات.
ئهوهش هاتوه، "پارتى تا کاتژمێر 4ى ئەم ئێوارەیەی دیاریکردوە بۆ چۆڵکردنی ناوچەکە، کە هەموو کوێستانەکانی (کێلەشین، شەکیف، خواکورک، بەربزین، بۆڵێو هۆرنێ) دەگرێتەوەو کە نزیکەی دوو هەزار ماڵو خێزانی تێدا دەژین، تەنها لەکێلەشین نزیکەی 500 ماڵ دەژین، زۆرینەیان کۆچەرینو ئاژەڵدارنو ناتوانن بگەڕێنەوە ناوچە گەرمەکانو جوتیارەکانیش سەدان دۆنم زەوییان داچاندوە، بەڵام ناچارکراون کە چۆڵی بکەنو جێیبهێڵن".
لهو ههواڵهدا باس لهوهشكراوه، هێزهكانى پارتى بەخەڵکەکەیان ڕاگەیاندوە، تا کاتژمێر 4ى ئەم ئێوارەیە مۆڵەت هەیەو دەبێت چۆڵی بکەن، لەوە بەدوا هەموو ڕێگاکان دادەخرێت، چونکە شەڕ دەستپێدەکاتو ناوچەکە تۆپبارانو بۆردوماندەکرێت، ئەو ناوچانەش بەشێکیان دەکەونە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا کە گەریلاكانى پهكهكهى لێ نیشتهجێیه".
ئاژانسهكه ئهوهشى بڵاوكردۆتهوه، پارتىو تورکیا پلانیان داناوە دوای چۆڵکردنی ناوچەکە، بەناوی پاسەوانی سنورو لەژێر ئاڵای عێراقدا، سوپای تورکیا بهێننە ناوچەکەو هەموو کوێستانەکانی برادۆست داگیربکەنو هێرشبکەنەسەر گەریلاکانی پهكهكه، بهو هۆیهشهوه نزیکەی دوو هەزار ماڵو خێزان لەسنورەکە ئاوارەبونهو زیانێکی گەورەیان گهیشتوه.