سەرچاوەیەكی ئەمنی: لە روداوەكەی فڕۆكەخانەی عەربەت كوژراو و بریندار هەیە
  2023-09-18       637       

میدیای رەسمی یەكێتی لە زاری سەرچاوەیەكی ئەمنییەوە بڵاویكردۆتەوە كە لە روداوەكەی ئێوارەی ئەمڕۆی فڕۆكەخانەی كشتوكاڵی عەربەت، ژمارەیەك كوژراو و بریندار هەن و هێشتا دیار نییە روداوەكە بۆردومان بوە یان تەقینەوە.

ئاوێنە: سەرچاوەیەکی ئەمنی، بە میدیای رەسمی یەكێتی راگەیاند، تائێستا دیارنییە روداوەکەی فڕۆکەخانەی عەربەت بۆردومانە یان تەقینەوە بوە و بەهۆی روداوەکەشەوە ژمارەیەک کەس گیانیانلەدەستداوە و برینداربون.

بەپێی میدیای رەسمی یەكێتی روداوەكە بەهۆی بۆردومانی درۆنەوە بوەو ژمارەی كوژراو و بریندارەكانی بۆردومانەكە "زۆرن."

ئەوەش خراوەتەڕو، تیمەكانی ئاسایش چونەتە شوێنەكەو لێكۆڵینەوە لە روداوەكە دەكەن و چەندین تیمی فریاگوزاریش بۆ گواستنەوەی كوژراو و بریندارەكان گەیشتونەتە فڕۆكەخانەكە.

ئاماژە بەوەشدراوە كە بریندارەكان بۆ نەخۆشخانەی شۆڕش و نەخۆشخانەی شار دەگوازرێنەوەو كوژراوەكانیش بۆ پزیشكی دادی سلێمانی دەگوازرێنەوە.

بەپێی وتەی شایەتحاڵەكان كە قسەیان بۆ میدیای رەسمی یەكێتی كردوە، چەند جارێك فڕۆكەخانەكە بۆردومان كراوەو گوێیان لە چەند دەنگێكی بەرز بوەو زیانێكی زۆر بەر فڕۆكەخانەكە كەوتوە.

هێما بۆ ئەوەش كراوە كە "دۆخی بەشێك لە بریندارەكان سەختە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×