بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی لە راگەیەندراوێكدا ئیدانەی هێرشەكەی ئەمڕۆی سەر فڕۆكەخانەی عەربەت دەكات و دەڵێت، ئامانج لێی تێكدانی ئارامی و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان و بەتایبەت سنوری سلێمانییەو داوای راگرتنی ئەو جۆرە هێرشانە دەكات و دەشڵێت، داوا لە حکومەتی عیراقیش دەکەین کە ئەرکی دەستوری و نیشتمانیی خۆی لە پاراستنی خاک و ئاسمانی عیراق بە کوردستانیشەوە رابپەڕێنێت.
ئاوێنە: بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی لە راگەیەندراوەكەیدا وتویەتی"بە توندترین شێوە ئیدانەی هێرشە تیرۆریستییەکەی سەر فڕۆکەخانەی کشتوکاڵیی عەربەت لە سلێمانی دەکەین كە شەهیدبون و برینداربونی شەش پێشمەرگەی قارەمانی دژەتیرۆری كوردستانی لێكەوتەوە."
ئاماژەی بەوەشداوە كە "ئەم کردەوە تاوانکارییە بەئاشکرا بەزاندنی سنوری هەرێم و عێراقەو لەچوارچێوەی ئەو پیلانانەدایە کە ئامانج لێی تێكدانی ئارامی و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان و بەتایبەت سنوری سلێمانییە."
سەرۆكی یەكێتی هێمای بۆ ئەوەش كردوە "لەبەرامبەر چەندبارەبونەوەی ئەم پێشێلکارییە، ئەركی هەمو لایەنە سیاسییەکانی هەرێمە پێکەوە روبەڕوی مەترسییەكان و ئاڵنگارییە ئەمنییەكان ببینەوەو كوردستان لە ناحەزان و دوژمنكاران بپارێزین."
وتوشیەتی"هەروەها دەستبەجێ داوای راگرتنی ئەم ھێرشانە دەکەین و داوا لە حکومەتی عیراقیش دەکەین کە ئەرکی دەستوری و نیشتمانیی خۆی لە پاراستنی خاک و ئاسمانی عیراق بە کوردستانیشەوە رابپەڕێنێت و چیتر رێگە بەم پێشلکارییانە نەدرێت."
بافڵ تاڵەبانی داوا لە دۆستان و وڵاتانی جیهان و سەرجەم ئازادیخوازان كردوە "هەڵوێستی جدییان هەبێت و هاودەنگمانبن بۆ راگرتنی ئەم كردەوە تیرۆریستیانە، ئێمەی كورد كە لە ساڵانی رابردودا پێشڕەوی روبەڕوبونەوەی تیرۆربوین و قوربانیی گەورەمان داوە، ناكرێت بكرێینە ئامانجی كردەوەی تیرۆریستیی لەمشێوەیە."
لە پەیامێكیشدا بۆ خەڵكی كوردستان وتویەتی"پشت بەخوای گەورە و ئێوە پێکەوە بەسەر ئەم دۆخەشدا زاڵدەبین و بە یەكگرتوییمان سەقامگیریی لە هەرێمەكەمان بەرقەرار دەكەین و روبەڕوی هەمو ئاڵنگارییەكان دەبینەوە."
دەقی راگەیەندراوەكە:
بە توندترین شێوە ئیدانەی هێرشە تیرۆریستییەکەی سەر فڕۆکەخانەی کشتوکاڵیی عەربەت لە سلێمانی دەکەین كە شەهیدبون و برینداربونی شەش پێشمەرگەی قارەمانی دژەتیرۆری كوردستانی لێكەوتەوە.
ئەم کردەوە تاوانکارییە بەئاشکرا بەزاندنی سنوری هەرێم و عێراقەو لەچوارچێوەی ئەو پیلانانەدایە کە ئامانج لێی تێكدانی ئارامی و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان و بەتایبەت سنوری سلێمانییە.
لەبەرامبەر چەندبارەبونەوەی ئەم پێشێلکارییە، ئەركی هەمو لایەنە سیاسییەکانی هەرێمە پێکەوە روبەڕوی مەترسییەكان و ئاڵنگارییە ئەمنییەكان ببینەوەو كوردستان لە ناحەزان و دوژمنكاران بپارێزین.
وێڕای دەربڕینی پرسەو سەرەخۆشیی قوڵمان بۆ کەسوکارو خانەوادەی سەربەرزی هەر سێ شەهیدی قارەمانی دژەتیرۆر کە شەهیدی ئارامیی کوردستانن، هیوای زو چاکبونەوەش بۆ برینداران دەخوازم. هەروەها دەستبەجێ داوای راگرتنی ئەم ھێرشانە دەکەین و داوا لە حکومەتی عیراقیش دەکەین کە ئەرکی دەستوری و نیشتمانیی خۆی لە پاراستنی خاک و ئاسمانی عیراق بە کوردستانیشەوە رابپەڕێنێت و چیتر رێگە بەم پێشلکارییانە نەدرێت.
داوا لە هەمو دۆستانمان، وڵاتانی جیهان و سەرجەم ئازادیخوازان دەكەین هەڵوێستی جدییان هەبێت و هاودەنگمانبن بۆ راگرتنی ئەم كردەوە تیرۆریستیانە، ئێمەی كورد كە لە ساڵانی رابردودا پێشڕەوی روبەڕوبونەوەی تیرۆربوین و قوربانیی گەورەمان داوە، ناكرێت بكرێینە ئامانجی كردەوەی تیرۆریستیی لەمشێوەیە.
خەڵكی خۆشەویستی كوردستان،
پشت بەخوای گەورە و ئێوە پێکەوە بەسەر ئەم دۆخەشدا زاڵدەبین و بە یەكگرتوییمان سەقامگیریی لە هەرێمەكەمان بەرقەرار دەكەین و روبەڕوی هەمو ئاڵنگارییەكان دەبینەوە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان