وەزیری بەرگریی عێراق: هێزە كوردییە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئێرانمان گواستونەتەوە بۆ پێنج كەمپ
  2023-09-19       607       

وەزیری بەرگریی عێراق رایگەیاند، هێزە كوردییە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئێرانمان گواستونەتەوە بۆ پێنج كەمپ و دەشڵێت: كێشەكان لەگەڵ ئێران و توركیا بەڕێگەی دیپلۆماسی و سیاسی چارەسەردەكەین.

ئاوێنە: سابت عەباسی، وەزیری بەرگریی عێراق لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی "ئەلعەرەبیە" رایگەیاند، هێزە كوردییە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئێرانمان گواستونەتەوە بۆ پێنج كەمپ لە ناو خاكی عێراق و هێزە عێراقییەكانیش لەسەر سنور لەگەڵ ئێران جێگركران.

وەزیری بەرگریی عێراق جەختی كردۆتەوە كە دەستوری وڵاتەكەی رێگە نادات بە بونی رێكخراوی چەكدار لە خاكەكەیدا.

هەروەها جەختیشی كردۆتەوە كە رێگە بە پێشێلكردنی سەروەریی عێراق نادەینەوە ئەوە "هێڵی سورمانە." وتوشیەتی"رێگەش نادەین خاكەكەمان بۆ هەڕەشە بۆ سەر هەر وڵاتێكی دراوسێ بەكاربهێنرێت."

وەزیری بەرگریی عێراق وتوشیەتی"رێگەی دیپلۆماسی و سیاسیمان هەن بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لەگەڵ ئێران و توركیا."

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا سابت عەباسی ئاماژەی بەوەداوە، هیچ بنكەیەكی سەربازیی ئەمریكی لەسەر خاكی عێراق بونی نییەو وتوشیەتی، ژمارەیەك راوێژكاریی سەربازی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق هەن كە ئەركیان پێدانی مەشق و راهێنانە بە هێزە ئەمنییەكانی عێراق.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×