بەهۆی هێشتنەوەی ڕوفاتی 171 ئەنفالکراو بۆ ماوەی زیاتر لە 4 ساڵ لە بەغدا، پەرلەماندارێکی کورد سکاڵای یاسایی لەسەر وەزارەتی تەندروستی عێراق و پزیشکی دادی عێراق تۆمارکردوە. وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراقیش ڕەتی دەکاتەوە کە ئەوان کەمتەرخەم بوبن لە پرۆسەکەدا.
ئاوێنە: سەیف بەدر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق، بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئەمە پرۆسەیەکی ئاسان نییە و پێویستی بە کاتە، چونکە کەیسەکە زۆر هەستیارە."
سەیف بەدر وتی کە وەزارەتی تەندروستی عێراق لە چەند ڕۆژی داهاتودا لەو بارەیەوە ڕاگەیەنراوی دەبێت بۆ ئەوەی تیشک بخاتە سەر گرفتەکان.
هەروەها سەبارەت بە هەبونی کەمتەرخەمی لە لایەن پەیمانگای پزیشکی دادی بەغدا بۆ ئەنجامدانی پشکنینی DNA بۆ ناسینەوەی ڕوفاتەکان وتی"ئەوە هیچ ڕاست نییە چونکە پزیشکی داد کاری خۆیەتی و ڕاسپێردراوە ئەو کارە ئەنجامبدات."
ئەو 171 ڕوفاتە لە گۆڕێکی بە کۆمەڵدا لە پارێزگای سەماوە لە ساڵی 2019 دەرهێنران و لەوکاتەوە ڕوفاتەکان لە پزیشکی دادی بەغدا دانراون. بە هۆی ئەوەی تائێستا پشکنینی DNA یان بۆ نەکراوە، ئێستا پرۆسەی هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی تری کورد لە باشوری عێراق ڕاوەستاوە.
دانا ئەمین، بەڕێوەبەری گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوەکانی حکومەتی هەرێم، پێشتر لە ڕاپۆرتێکی دەنگی ئەمەریکا ئاماژەی بەوە کردبو کە ئەنجامنەدانی پشکنین بۆ ناسینەوەی ڕوفاتەکان "کێشەی دروستکردوە...چونکە گەرمیان و چەمچەماڵیش خۆیان بە خاوەنی ڕوفاتەکان دەزانن."
کاروان یاروەیس، ئەندامێکی کوردی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پەیمانگای پزیشکی داد و وەزارەتی تەندروستی عێراق بە کەمتەرخەمی لە پرۆسەکەدا تۆمەتبار دەکات.
کاروان یاروەیس بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "بەهۆی جێبەجێنەکردنی مادەی (6) لە بڕگەی (5)ی یاسای ژمارە 13ی ساڵی 2015ی پاراستنی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی عێراق، تایبەت بە ئەنجامنەدانی پکشنینی دی ئێن ئەی بۆ ڕوفاتی ئەنفالکراوانی گەرمیان، کە ماوەی چوار ساڵە لە پزشکی دادی عێراقە، سکاڵای یاساییمان لەسەر وەزارەتی تەندروستی عێراق و پزیشکی داد تۆمارکرد."
وتیشی، "لەیاساکەدا زۆر بەڕونی باس دەکا، هەڵدانەوەی گۆڕەکان و هێنانەوەی تەرمەکان بۆ پەیمانگای پزیشکی دادوەری بەغدا، پێویستە پشکنینی دی ئێن ئەیان بۆ بکرێت و ناسنامەکانیان بناسرێتەوەو بەرارود بکرێت لەگەڵ نمونەی وەرگیراو لە دی ئێن ئەی کەسوکارەکانیان. دوای دڵنیابون هەتا تێچوی هێنانەوەی و مەراسیمەکەی خستوەتە ئەستۆی حکومەت. بەڵام وا چوار ساڵە ئەم ڕوفاتانە کە 171 ڕوفاتە لە پزیشکی دادوەریە لە بەغداو هەرجارەو بەبیانویەک نەتوانراوە پشکینیان بۆ بکرێت."
لە دوای ڕوخانی ڕژێمی بە عس لە ساڵی 2003، تا ئێستا چەند گۆڕێکی بە کۆمەڵ هەڵدراونەتەوە و بە گوێرەی ئەو ئامارەی دەست دەنگی ئەمەریکا کەوتوە تا ئێستا 1669 ڕوفاتی ناو ئەو گۆڕانە هێنراونەتەوە بۆ ناوچەکانی کەلار، بارزان و چەمچەماڵ و دواتر بەخاک سپێردراون.