ئەردۆغان بانگهێشتی نوری مالیكی دەكات بۆ سەردانی توركیا
  2023-09-26       500       

ئەمڕۆ سێشەممە، نوری مالیكی، سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و باڵیۆزی توركیا لە عێراق كۆبونەوە. نوسینگەی مالیكی دەڵێت، باڵیۆزی توركیا بانگهێشتنامەیەكی ئەردۆغانی رادەستی مالیكی كرد بۆ ئەوەی سەردانی توركیا بكات.

ئاوێنە: نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، لە راگەیەندراوێكدا هێمای بۆ ئەوە كردوە كە نوری مالیكی و عەلی رەزا گونەی، باڵیۆزی توركیا، لە كۆبونەوەكەدا چەند پرسێكیان تاوتوێ كردون، لەوانە؛ پرسە سیاسی و ئەمنییەكان و لێكەوتەكانی روداوە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەكان و هەروەها پەیوەندییەكانی نێوان عێراق و توركیاو بەشداری توركیا لە پڕۆژەی "رێگەی گەشەپێدان" و لەگەڵ پرسی ئاو.

لە كۆبونەوەكەدا، بەپێی راگەیەندراوەكە، مالیكی ئاماژەی بەوەداوە كە حكومەتی عێراق سورە لەسەر جێبەجێكردنی پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان.

هەروەها سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا ئاماژەی بەوەشداوە كە دەبێت عێراق و توركیا كاری هاوبەش بكەن لەپێناو بەهێزكردنی پەیوەندییەكانیان لە سەرجەم بوارەكانی ئابوری و گەشەپێداندا.

وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، لای خۆیەوە، باڵیۆزی توركیا بانگهێشتنامەیەكی ئەردۆغانی رادەستی مالیكی كرد بۆ سەردانی توركیاو راشیگەیاند، وڵاتەكەی خواستی هەیە بۆ چارەسەركردنی سەرجەم پرسە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەردو وڵات و وتیشی، ماوەی داهاتو "وەرچەرخانی گرنگ لە پەرەپێدانی پەیوەندییەكان"ی نێوان توركیاو عێراقدا رودەدات.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×