ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا سەرجەم گرێبەستە ناوخۆییەكانی دەوڵەت بە دیناری عێراقی بن
  2023-09-26       416       

ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە، لە كۆبونەوەی خۆیدا بڕیاریدا سەرجەم گرێبەستە ناوخۆییەكانی دەوڵەت بە دیناری عێراقی جێبەجێ بكرێن جگە لەو گرێبەستانەی پشت بە قەواڵەی دەرەكی دەبەستن.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیران بە سەرۆكایەتی محەمەد شیاع سودانی كۆبوەتەوەو چەند بڕیارێكی داون.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لەبارەی چاكسازییە ئیداری و داراییەكان، ئەنجومەنی وەزیران لە كۆبونەوەكەدا بڕیاری داوە سەرجەم گرێبەستەکانی دەوڵەت کە لە ناوخۆی وڵاتدا جێبەجێدەکرێن بە دیناری عێراقی بن، جگە لەو گرێبەستانەی كە بە پشت بەستن بە قەواڵەی دەرەكی كراون.

هەروەك بڕیاریشدراوە، وەزارەتی پلاندانان خشتەیەک بۆ سەرجەم گرێبەستەکانی دەوڵەت کە بە دۆلاری ئەمریکی ئەنجامدراون لەگەڵ بڕی ئەو پارەیەی کە شایستەی ئەو گرێبەستانەن، ئامادە دەکات و دەینرێت بۆ وەزارەتی دارایی و بانکی ناوەندی.

بەپێی بڕیارەكان، وەزارەتی پلاندانان لانی زۆری ئەو بڕە دیاری دەکات کە پێویستە مانگانە بە دۆلاری ئەمریکی لە لایەن بانکی ناوەندییەوە وەک شایستەی ئەو گرێبەستانە دابینبکرێت.

لە بڕیارەكاندا هاتوە، بانکی ناوەندی شایستەی ئەم گرێبەستانە بە بڕی (1320) دینار بۆ هەر دۆلارێک حساب دەکات و لە هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی دادەنرێت تا بۆ شایستەی مانگانەی ئەم گرێبەستانە خەرجبکرێت.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لە یەكێكی دیكە لە بڕیارەكاندا هاتوە، ئەو عێراقییانەی بە دۆلاری ئەمریکی قەرزیان لە بانکە حکومییەکان کردوە لە نێویشیاندا بانکی بازرگانی عێراقی، دەبێت بانکەکان پابەند بن کە ئەو قەرزانەیان بە نرخی (1320) دینار بۆ هەر دۆلارێک لێوەربگرنەوەو بانکی ناوەندی ئەم قەرزانە بە دۆلار دەداتەوە بانکەکان، ئەم رێکارە تەنها ئەو قەرزانە دەگرێتەوە کە پێش ئەم بڕیارە کراون.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×