بڕیارە ئەمڕۆ شەممە پەرلەمانی عێراق كۆببێتەوە. بەپێی بەرنامەی كاری دانیشتنەكە، یەكێك لە بڕگەكانی ئەم دانیشتنەش، دەنگدانە لەسەر پڕۆژەی بەپارێزگابونی هەڵەبجە، ئەوەش لەدوای دو جار دواخستنی لە دانیشتنەكانی پێشوی پەرلەماندا.
ئاوێنە: بەپێی بەرنامەی كاری دانیشتنی رۆژی شەممە 30ی ئەیلولی پەرلەمانی عێراق كە لەلایەن فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانەوە بڵاوكراوەتەوە، یەكێك لە بڕگەكانی دانیشتنەكە، دەنگدانە لەسەر پڕۆژە یاسای بەپارێزگابونی هەڵەبجە.
دانیشتنەكە بڕیارە سەعات 1ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دەستپێبكات.
ئەوە سێیەم جارە دەنگدان لەسەر پڕۆژە یاسای بەپارێزگابونی هەڵەبجە دەخرێتە بەرنامەی كاری دانیشتنەكانی پەرلەمانەوە، بەڵام لە دو جاری یەكەمدا بەهۆی ناڕەزایەتی بەشێك لە فراكسیۆنە عێراقییەكان، دەنگدان لەسەر ئەو پڕۆژە یاسایە دواخرا.
بەپێی قسەی بەشێك لە پەرلەمانتارانی فراكسیۆنە كوردییەكان، بۆ ئەمجارە لایەنە عێراقییەكان بەڵێنیانداوە پشتیوانی بكەن و دەنگ لەسەر پڕۆژە یاساكە بدەن.