كامیلی حاجی عەلی: بایكۆتی كۆنگرەی بزوتنەوەی ئیسلامی دەكەین
  2023-09-30       366       

بڕیاربوو ئەمڕۆ شەممە، کۆنگرەی بزوتنەوەی ئیسلامیی کوردستان بە بەشداریی هەردو باڵی بزوتنەوەکە لە شاری سلێمانی بەڕێوەبچێت. بەڵام کامیلی حاجی عەلی دەڵێت: بایكۆتی كۆنگرەكە دەكەین تا ئەو كاتەی كۆمسیۆن پێشێلكارییەكان راست دەكاتەوە.

ئاوێنە: بڕیاربو ئەمڕۆ شەممە، بە بەشداری هەردو باڵی ناکۆک كۆنگرەی بزوتنەوەی ئیسلامیی كوردستان لە سلێمانی بەڕێوەبچێت ئەوەش دوای زیاتر لە ساڵێک لە کۆنگرەی پێشو كە بوە هۆی دروستبونی ناکۆکی لەنێوان کەسایەتییەکانی حیزبەکەدا لەسەر پۆستی رابەری گشتی.

كامیلی حاجی عەلی، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، لە راگەیەندراوێكدا لە هەژماری خۆی لە فەیسبوك رایگەیاند"بایکۆتی کۆنگرەی بزوتنەوەی ئیسلامی دەکەین تا ئەو کاتەی کۆمیسیۆن  پێشلێکارییەکان ڕاست دەکاتەوە."

لەبارەی هۆكاری بایكۆتكردنی كۆنگرەكەوە، كامیلی حاجی عەلی ئاماژەی بەوەداوە "هۆکارەکەی زیادکرنی زیاتر لە 170 کەسە  لەلایەن باڵی حاجی عیرفانەوە."

هێشتا باڵەکەی بەرامبەر هیچ وەڵامێکی باڵی کامیل حاجی عەلییان نەداوەتەوە و لە هۆڵی کۆنگرەدا بەردەوامن لە رێکارەکانی بەڕێوەچونی کۆنگرە.

 دوای کۆنگرەی پێشو کە 5ـی شوباتی 2022 بەڕێوەچو، ناکۆکی کەوتە نێوانی عیرفان عەبدولعەزیز و کامیلی حاجی عەلی و لە رێوڕەسمی جیادا هەردوکیان خۆیان وەکو رابەر ناساند.

کۆنگرەکە لە هۆڵی پێشمەرگە بەڕێوەدەچێت لە شاری سلێمانی. بڕیاربو تێیدا کامیل حاجی عەلی و عیرفان عەبدولعەزیز هەردوکیان خۆیان بۆ رابەری بزوتنەوەی ئیسلامی کوردستان كاندید بکەن و کۆنگرە بڕیاری کۆتاییان لەبارەوە بدات.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×