جەمیل بایک باس لە هاوڕێیەتیی خۆی لەگەڵ شێرکۆ بێکەس دەکات
  2019-08-04       3025       
جەمیل بایک هاوسەرۆکی کەجەکە بە بۆنەی شەشەمین ساڵیادی کۆچی دوایی شاعیری گەورەی کورد شێرکۆ بێکەس باسی چۆنێتی یەکترناسینیان لەگەڵ شێرکۆ بێکەس دەکات، هەروەها بەسەرهاتەکانی هاوڕێیەتییان دەگێڕێتەوە، دەڵێت، کە ئەو زۆرجار بەنامە بیر و بۆچونەکانی خۆی لەسەر دۆخی کوردستان بۆ ناردوە، ئەویش شیعرەکانی بەدەنگی خۆی بۆ ناردوەتەوە، هەروەها باسی پەیوەندی شێرکۆ بێکەس و عەبدوڵا ئۆجالان دەکات و دەڵێت"سەرۆک ئاپۆ ڕێزێکی تایبەتی لە شێرکۆ بێکەس دەگرت."
ئاوێنە: جەمیل بایک هاوسەرۆکی کەجەکە بە بۆنەی شەشەمین ساڵیادی کۆچی دوایی شاعیری گەورەی کورد شێرکۆ بێکەس لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات چەندین بەسەرهاتی هاوڕێیەتییان لەگەڵ شێرکۆ بێکەس دەگێڕێتەوە.

دەقی چاوپێکەوتنەکە....

- ئێوە کەی و لە کوێ شێرکۆ بێکەس-تان ناسی؟

"لە ساڵی ١٩٩٤ دا لە سلێمانی هاوڕێی هێژا شێرکۆ بێکەسم ناسی"

جەمیل بایک: شاعیری گەورەی گەلی کورد و مرۆڤایەتی، شێرکۆ بێکەس لە ساڵیادی کۆچی دوایدا بە ڕێزەوە یادی بەرز ڕادەگرم، هەم وەک دۆست و هاوڕێیەک و هەم بەهۆی خزمەتەکانی بۆ گەلی کورد و مرۆڤایەتی، من هەرگیز لە یادی ناکەم، خەون و خولیاکانی ئەو شاعیرە گەورەیە هەمو کات بە خەون و خولیای خۆم دەزانم، من وەک دۆست و هاوڕێیەک هەمو کات باسی ئەو بۆ گەلی کورد دەکەم، تەنها شاعیرێک نەبو، بەڵکو هاوکات مرۆڤێکی بە پێوەر و پرەنسیپ بو، کەسایەتییەکی هەڵگری رۆحی ئازادی بو، هەر خۆی لە خۆیدا بەهۆی ئەوەی کەسایەتییەکی خاوەن ڕۆحی ئازاد بو، بو بوە شاعیرێکی گەورە.

من لە ساڵی ١٩٩٤ دا لە سلێمانی هاوڕێی هێژا شێرکۆ بێکەسم ناسی، پەیوەندیمان لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (یەنەکە) باشبو، بەهۆی پەیوەندیمان لەگەڵ یەنەکەدا پەیوەندییەکی بەهێزمان لەگەڵ مامۆستا چەتۆ بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی یەنەکە هەبو، ڕۆژێک لەگەڵ مامۆستا چەتۆ لەبارەی گەورەیی شاعیر شێرکۆ بێکەس-ەوە قسەمان کرد و من داوام لە مامۆستا چەتۆ کرد بە شێرکۆ بێکەسم بناسێنێت، ئێمە ئێوارەیەک لە ماڵێکدا و لە کاتی نانخواردندا یەکترمان ناسی، من هەم بە ناسینی ئەو شاعیرە گەورەیە دڵخۆش و هەم سەربەرز بوم، هەر چۆن فەیلەسوفێکی یونانی دەڵێت؛ هێزی ئەوانەی گۆرانی و شیعر دەئافرێنن لە هێزی ئەوانە زیاتر و گەورەترە، کە یاسا دەئافرێنن، کۆمەڵگە پێش هەمو شتێک لە ڕێگەی ئەدیبان و هونەرمەندەکانییەوە دەبێت بە کۆمەڵگە، ئەدیبان و هونەرمەندان لە دەستنیشانکردنی کوالیتیی ژیان و بەها کۆمەڵایەتییەکاندا ڕۆڵێکی زۆر گرنگ دەگێڕن، لەبەر ئەوەش پێش ئەوەی شێرکۆ بێکەس بناسم، بۆ من کەسێکی گەورە بو، دوای ئەوەشی ناسیم بە هەمو تایبەتمەندییەکانییەوە گەورەبونەکەیم بینی، بێگومان پەکەکە تەنها بزوتنەوەیەکی سیاسی نییە، بزوتنەوەیەکە کە کۆمەڵگە لە خوارەوە و لە ڕەگەوە دەگۆڕێت، بۆیە هەمو ئەدیبان و هونەرمەندان سەرنجیان لەسەر پەکەکەیە و بۆ ئەوەش سەرنجی شێرکۆ بێکەسیش چوە سەر بزوتنەوەی پەکەکە، لەبەر ئەوەش هەر هێشتا لە کاتی ناسیندابو، کە لەبارەی نزیکایەتی و هەستی هاوبەشی گۆڕینی کۆمەڵگە و ئافراندنی دوارۆژ گفتوگۆیەکی خۆش و باشمان کردبو.



- دۆستایەتیی ئێوە لەگەڵ شاعیری گەورە لەسەرکام بەها خوڵقا و چۆن بەهێز بو؟

" بەها و نرخ و هەستی هاوبەشی ئێمە بو، کە دۆستایەتیی ئێمەی ئافراند"

جەمیل بایک: لە مێژودا هەمو کات ئەدیبان و هونەرمەندان یەکەم شۆڕشگێڕەکانی کۆمەڵگە بون، شۆڕشی کۆمەڵایەتی و سیاسی لە چوارچێوەی پێشکەوتنەکانی ئەدەب و هونەردا ڕویانداوە، بۆ گەلانی وەک کورد، کە لە ژێر سڕینەوە و قڕکردنی کولتوری و ڕۆشنبیریدان، لە تێکۆشانی ئایدۆلۆژی، سیاسی، کۆمەڵایەتی و هەڵمەتی شۆڕشگێڕیدا بە ڕۆڵی خۆیان هەڵدەستن و بوار بۆ پێشکەوتنی هونەری دەخوڵقێنن، بەڵام ڕاستییەکی بەمجۆرەش هەیە، ئەوانەی دەیانەوێت بە ئەدیبان و هونەرمەندان شۆڕشێ کۆمەڵایەتی و سیاسی ئەنجام بدەن و ئەگەریش بە شێوازی جیاجیاش ببێت، کاری هاوشێوەی یەک بۆ گۆڕینی کۆمەڵگە ئەنجام دەدەن، بۆ ئامانجی ژیانی نوێی کۆمەڵایەتی قوڵ دەبنەوە و تێدەکۆشن، لە راستیدا ئەدەب و هونەر لە ناو تێکۆشانی پێشو و نوێ دا سەرهەڵدەدەن و بەرەو پێش دەچن، خۆی لە خۆیدا ئەدەب و هونەر لە ناو هەمو کۆمەڵگەکاندا نیشانەی دینامیزم و ڕەوتی بەهرە و توانای هەناوی کۆمەڵگەیە، هونەرمەند و ئەدیب لە چوارچێوەی چاکە و خۆشیدا دینامیزم و توانایی ناو کۆمەڵگە دەئافرێنن. دەزانرێت، کە ئەدەب و هونەر گەڕانە بە دوای چاکە و خۆشیدا، ئافرێنەرانی چاکە و خۆشین، هەوڵەکانی ڕێبەر ئاپۆ بۆ ئافراندنی شۆڕشگێڕێکی گەورە و ئافراندنی گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە ناو کۆمەڵگەی کوردستاندا لە چوارچێوەی ژیانی باش و چاکە و خۆش دایە، بەها و نرخ و هەستی هاوبەشی ئێمە بو، کە دۆستایەتیی ئێمەی ئافراند، شێرکۆ بێکەس ئەوەی بینی، کە زۆرترین خەون، خولیا و ئامانج و دواخوازەکانی بە تێکۆشانی ڕێبەر ئاپۆ و پەکەکە بەدی دێن، بۆیە پەیوەندییەکی لەو جۆرە خوڵقا، لەبەر ئەوەش بناغە و کۆنکرێتی ئەو پەیوەندییە زۆر بەهێز بو، پەیوەندییەک بو، کە بە هەستی خۆش و جوان بەهێز بو بو، لە ناو دونیاکەی ڕێبەر ئاپۆدا هەستەکانی خۆی دەبینییەوە، ئەو پەیوەندییە ورە و موراڵی ئەوی بەرز دەکردەوە، بەهای ئازادیی ژیان لەلای ڕێبەر ئاپۆ حەماسەت و خرۆشانی تیادا دروست دەکرد.

دونیای شاعیران بەرفراوان و بەرینە، قورسە لە قاڵب و چوارچێوەیەکدا سنوردار بکرێن و ڕابگیرێن، چاند و ڕۆشنبیریی و هونەری کۆمەڵگەن، ڕۆشنبیریی و هونەر بە شەخسی نابێت، هونەر و ئەدەبیاتی بنەماڵەپەرستی و پارچەچێتی نابێت، لەبەر ئەوەش شێرکۆ بێکەس لە دڵ و مێشکی گەلی کورد و هەمو مرۆڤایەتیدا بوەتەخاوەن پێگەیەک، بۆی گرنگ بو کە ڕێبەر ئاپۆ کاریگەریی لەسەر گەلی کورد و لە هەمو کوردستان و گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا دروستکردوە، شێرکۆ بێکەس خواستی هەستەکانی و ئەو هەستە بە هەمو کوردستاندا بڵاوبکرێتەوە، هەست، ڕامان و هەوڵەکانی ڕێبەر ئاپۆ، کە هەستی کوردانی دەکرد بە یەک و یەکیدەخستن، بە هێژا دەزانی، لەبەر ئەوەش زۆر بابەت هەبون، کە دۆستایەتیی ئێمەی بەهێز دەکرد، بێگومان گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی، کە بە تێکۆشانی شۆڕشگێڕیمان لە ناو هونەر و ئەدەب دا ئافرێنرابو، ئەوە لە هەمو شتێک جۆش و خرۆش و حەماسەتی لەو شاعیرە گەورەیەدا دروست دەکرد.

هونەرمەند و شاعیر لێکۆڵەری گەورەن، خۆی لە خۆیدا هەمو کات ڕۆڵی شاعیران لە دروستکردنی شەپۆلی فیکری نوێ لە ناو مێژودا چارەنوسساز بوە، بەهێز و توانایی بۆ ڕەخنەگرتنیان هەیە و لە دژی هەمو ئەو شتانەن، کە کۆمەڵگە لاواز دەکەن و هەڵوێستیان خستوەتەڕو، شێرکۆ بێکەس لێکۆڵەربون و گەڕانەکانی خۆی لە ناو پەکەکەدا بینی، مردن بۆ شاعیران و هونەرمەندان ئەوەیە، کە بوار و کات بۆ لێکۆڵینەوە و بە دوادچونەکانیان نەبینن، بۆیە ڕاستیی ڕێبەر ئاپۆ و پەکەکە وایکرد، کە ڕو لە ئومێدە نوێکان بکات تاوەکو ببێتە وەڵامدەرەوە بۆ لێکۆڵینەوەکانی، چونکە بۆچونەکانی ڕێبەر ئاپۆ و لێکۆڵینەوەکانی بە بەردەوامی بۆ گۆڕانکاری، هەڵگری کارەکتەرێکی بەو شێوەیەیە، کە هەمو کات ئامانجی هێنانەدیی باشی و خۆشییە و ئەوە دەکاتە ئامانج.

پەیوەندیی ئێمە لەو چوارچێوەیەدا دەستیپێکرد و بەبێ پسانەوە بەردەوامیی هەبو، هەر کات دەچومە سلێمانی دەچوم سەردانم دەکرد، هەر کات دەچوم بۆ سلێمانی هەمو کات بینیی ئەو شاعیرە گەورەیە لە بەرنامەمدا بو، بۆ من وەک سەردانکردنی شوێنێکی پیرۆز بو، خۆی لە خۆدا هونەرمەند و ئەدیبان کاری پیرۆز دەکەن، دونیای مەعنەویی مرۆڤایەتی و کۆمەڵگەکان بەهێز دەکەن، ڕێبەر ئاپۆ ئەدەب و هونەری وەک ئایین و وەک میتافیزیک شیکار دەکرد،زۆر گرنگە  سروشتی مرۆڤ بە مەعنەویت بڕازێنرێتەوە، ئەوەش ڕوی میتافیزیکی مرۆڤەکانە.



- لە راستیی کوردستاندا جاروبار لە ناو حیزب و بزوتنەوەکاندا کێشە ڕویدەدا، ئەوە چ کاریگەرییەکی لەسەر پەیوەندییەکەی ئێوە دروستکرد؟

" شێرکۆ بێکەس هەمو کات دەیخواست لە ئێمە تێبگات"

جەمیل بایک: شێرکۆ بێکەس پەیوەندیی لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (ی-ن-ک)دا هەبو. کوردێکی وڵاتپارێزبو، بۆیە بە خەمساردی لە دۆخی سیاسی نزیک نەدەبویەوە، لەبەر ئەوەش لە تێکۆشانی سیاسی باشوری کوردستاندا هەڵوێستی خۆی بە ئاراستەی یەنەکەدا خستبوەڕو، ئەوەشی ئێمەی بە یەکتری ناساند بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی (ی-ن-ک) مامۆستا چەتۆ بو، هەمو کات پەیوەندیمان لەگەڵ یەکێتی باش بو، بەڵام لەبەر ئەوەی چەندین هێز لە باشوری کوردستان تێکۆشانی سیاسی دەکەن، لە ناو حیزبە سیاسییەکاندا کێشە ڕودەدات، ماوەیەکیش لە نێوان ئێمە و (ی-ن-ک)دا کێشەی قورس هەبون، ئەو دۆخە کاریگەریی لەسەر پەیوەندیی ئێمەش لەگەڵ شێرکۆ بێکەس دروستکرد، شێرکۆ بێکەس هەڵوێستی خۆی بە ئاراستەی (ی-ن-ک) خستەڕو، ئێمە ئەوەمان نەکرد بە کێشە و لێی تێگەیشتین، هەر چەند پەیوەندیمان لەگەڵ (ی-ن-ک)  باش نەبو، بەڵام پەیوەندیمان لەگەڵ شێرکۆ بێکەس بەردەوام بو، شێرکۆ بێکەس لە دوای ماوەیەکی کورت هەڵوێستی خۆی گۆڕی، نزیکایەتیی بەو جۆرە بو، کە هەمو کات دەیخواست لە ئێمە تێبگات، لەبەر ئەوەش پەیوەندیی ئێمە لە دوای ماوەیەکی کورت بەهێز بویەوە، شێرکۆ بێکەس مرۆڤێکی دادپەروەر بو، کەسایەتییەکی وای نەبو، کە بە قسەی هەندێک کەس جۆڵەی بکردایە، هۆشمەندی و عەقڵییەتی باشی و خۆشی وایکردبو هەمو کات هەڵوێستی خۆی بەلای حەقیقەت و ڕاستیدا بخاتەڕو، کەسایەتیی ئەو ناهەقی و نادادپەروەریی قبوڵ نەدەکرد، ئەوە تایبەتمەندییەکی بنەڕەتیی ئەو بو، بەو شێوەیە ئەو هەمو کات لە ڕیزی هێژاترین ڕۆشنبیرانی گەلی کورد دایە، بەو هەڵوێستەی خۆی دەبێتە نمونە بۆ ڕۆشنبیرانی کورد، بەرژەوەندیی شەخسی بۆ شێرکۆ بێکەس گرنگ نەبو، بۆ ئەو بەها کۆمەڵایەتییەکان و بەهێزکردنی بەها کۆمەڵایەتییەکان گرنگ بو، ئەگەر لە ناو کورد هێشتا بەها کۆمەڵایەتییەکان بەهێزبن ئەوە بۆ ڕۆڵی زۆر گرنگی ئەدیبان، هونەرمەندان و ڕۆشنبیرانی هاوشێوەی شێرکۆ بێکەس دەگەڕێتەوە، بە تایبەتی لە دونیای بەرژەوەندییەکاندا، کە مۆدێڕنیتەی کاپیتالیست ئافراندوێتی، تایبەتمەندیی ڕۆشنبیری وەک شێرکۆ بێکەس، کە هەمو کات هەڵوێستی خۆی بەلای ڕاستیدا دەخاتەڕو، زۆر گرنگ و هێژایە.

بە کورتی نزیکایەتی مەودادار بۆ ماوەیەکی کورت هەم بۆ ئەو و هەم بۆ ئێمەش بوە قۆناغ و پرۆسەیەکی باشتر لێکتێگەیشتن و شایان بینینی ئەو پەویوەندییە، پەیوەندیی ئێمە لەو قۆناغەدا بەهێز بو.



- زۆر باسی پەیوەندیی ئێوە لەگەڵ شاعیری گەورە دەکرێت، ئێوە ئەوە چۆن لێکدەدەنەوە؟

"ئەو کاتانەشی یەکترمان نەدەبینی نامەمان  بۆ یەکتر دەنوسی"

جەمیل بایک: پەیوەندیی ئێمە لەگەڵ شاعیری گەورە هەرگیز نەپچڕا، ئەو کاتانەشی یەکترمان نەدەبینی نامەمان بۆ یەکتر دەنوسی، ئێمە لە نامەکاندا لەبارەی هەندێک بابەتەوە بۆچون و هەستی خۆمان خستوەتەڕو، ئەویش شیعرەکانی خۆی بە دەنگی خۆی دەنارد، کتێبەکانی خۆیشی بە ئیمزای خۆیەوە دەنارد، دەیخواست کارەکانی لەلایەن بزوتنەوەی ئازادیمانەوە بزانرێت، پەیوەندیی ئێمە پەیوەندییەکی فەرمی و پرۆتۆکۆڵی نەبو، پەیوەندییەکەمان بەهۆی بەها گرنگەکان بۆ گەلی کورد و مرۆڤایەتییەوە دروستبو بو، لەبەر ئەوەش تەنانەت کاتێک یەکترمان نەدەبینی و بۆ یەکترمان نەدەنوسی، هەر هەستەکانمان هاوبەش بون و لە یەکتر تێدەگەیشتین، لە پەیوەند لەگەڵ کارەکانی ئێمەشدا ئەو هەستانمانە دەردەکەون و دەبینرێن، پێش ئەوەی نەخۆش بکەوێت سەردانی قەندیلی کرد و لەوێ یەکترمان بینی، لە ئەنجامی گفتوگۆکەماندا شێرکۆ بێکەس پێشنیازی کرد، کە شاعیران، ڕۆماننوسەکان، ئەدیبان و هونەرمەندانی باشور بێنێت بۆ قەندیل و لەگەڵیاندا کۆبونەوەیەکی پڕ لە گفتوگۆ ڕێکبخات، ئێمە قبوڵمان کرد، بەڵام لەبەر ئەوەی دوای ماوەیەکی کورت نەخۆش کەوت، ئەو پلانەمان سەری نەگرت.

ئەوەی منی بێتاقەت کرد و پێی ئێشام، ئەوە بو کاتێک نەخۆشییەکەی لێی قورسکرد، ئەو نامەیە، کە من بۆم نوسیبو بەدەستی نەگەیشت، نامەکە گەیشتە دەست بنەماڵەکەی، لە دوا هەناسەکانیدا ئەگەر پێی بگەیشتایە ئێمە بە هەستە هاوبەشەکانمانەوە ماوەیەکی تر لەگەڵ یەکتر دەژیاین و ئەوە بۆ ئەو زۆر هێژا و  گرنگ دەبو، دوای کۆچی دوایی ئێمە داوامان لە میدیای ئازاد کرد، کە هەمو کات یادی شاعیری گەورە بکەنەوە، کەسایەتی و هونەرەکەی نیشان بدەن و بڵاوی بکەنەوە، بێگومان بڵاوکرایەوە و نیشاندرا، بەڵام لەبەر ئەوەی وەک پێویست نەکرا، ئێمە میدیا و چاپەمەنییەکانمان ڕەخنەکرد، لە ناو دۆخی ڕۆژانەدا ئەو بەهایەی ئێمە بە باشی هەڵسەنگاندن و لێکدانەوە و شیکاریی بۆ ناکرێت، ئەوە لە کاتێکدایە ئەوەی دەمێنێتەوە بەهاکانمان، لە ئافراندنی دواڕۆژدا ڕۆڵ و بۆچون و هەستەکانی ئەو مرۆڤە گەورانە زۆر گرنگن.

دەبێت باسی ئەوەش بکەم، ڕێبەر ئاپۆ، شێرکۆ بێکەسی زۆر بە هێژا دەزانی، هەمو کات سڵاوی بۆ دەنارد، یەکێک لە تایبەتمەندییە گرنگەکانی ڕێبەر ئاپۆ ئەوە بو، هەمو کات ئەدیبان و هونەرمەندانی زۆر بە هێژا سەیر دەکرد، لە ژیانی کۆمەڵایەتی و شۆڕشگێڕیدا زۆر باش لە گرنگیی هونەرمەندانی دەزانی، بەهاکانی شۆڕش تەنها بە ئەدەب و هونەر هەمیشەیی و هەرمان دەکرێت، لەبەر ئەوەش بۆ خوڵقاندنی بەرهەمی پتەوتر هانی دەدان، ڕێبەر ئاپۆ دەیوت، هەر چۆن هونەرمەند و شاعیر خزمەت بە کۆمەڵگە دەکات، تێکۆشانەکەی ئێمەش خزمەتێکی گەورەیە بۆ هونەرمەندان، پەیوەندیی دۆستانەی شێرکۆ بێکەس لەگەڵ بزوتنەوەکەماندا بەو هۆیەوە بەهێز بو.

پەیوەندییەکەمان لە پەیوەندییەکی دۆستانە زیاتر بو، بە قوڵبونەوە و هەوڵەکانی خۆمان کارمان بۆ ئامانجێکی هاوبەش دەکرد، هەوڵەکانی شاعیری گەورەش و ئێمەش بۆ ئافراندنی هەستە نوێکانی کۆمەڵگە بو، لەبەر ئەوەش ئێمە هەستی خۆمان بەهێز دەکرد، لە دۆستایەتی زیاتر، ئێمە هاوڕێی یەکتر بوین، لەبەر ئەوانەش پەیوەندیی ئێمە هەمو کات بەردەوام و بەهێز بو.



- ئێوە چۆن لێکدانەوە بۆ هۆشمەندی و تێگەیشتنی ئازادی و وڵاتپارێزیی شێرکۆ بێکەس دەکەن؟

"ئەو هەستە کردی بە شاعیری گەورە"

جەمیل بایک: هەستی وڵاتپارێزیی شێرکۆ بێکەس زۆر بەهێز بو، هەر خۆی ئەو هەستە کردی بە شاعیری گەورە، وەک دەزانرێت لە باشوری کوردستان ئەو ناوچەیە کە لە هەمو ناوچەکانی تر زیاتر هونەر و ئەدەب تیایدا پێشکەتوە، هەرێمی سۆرانە کە ناوەندەکەی سلێمانییە، هەر لەبەر ئەوەش وڵاتپارێزی و تێگەیشتنی سیاسییان بەهێزە، ڕاپەڕینە یەکەم و گەورەکانی کورد لەو هەرێمەدا ڕویاندا، ڕاپەڕین و هەستانەوەی کورد هونەر و ئەدەب و ئەدەب و هونەریش ڕابونی کوردی بەهێزکرد، لە نێوان هونەر و ئەدەب و تێکۆشانی ئازادیدا پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی لەو جۆرە بونی هەیە، ئێمە نمونەی هەرە بەرچاوی ئەوە لە هەرێمی سۆران، کە ناوەندەکەی سلێمانییە دەبینین، ڕاپەڕینی بابان و مەحمود بەرزنجی نمونەیەکی بەرچاوی ئەوەن.

لە کاتی چاوپێکەوتنەکان بۆ ڕێککەوتنی لۆزان و لەو کاتەدا کە مشتومڕ لەسەر ئەوە دەکرا کە موسڵ و کەرکوک بخرێنە سەر کوێ، لە مشتومڕەکاندا تورکیا بە پێداگرییەوە دەیخواست بیانخاتە سەر خۆی، هەرێمی سۆرانیش لە ناوەندەکەی خۆیەوە لە سلێمانی وتی، نە دەیانەوێت بخرێنە سەر عێراق و نە دەیانەوێت بشخرێنە سەر تورکیا، دوای ئەوەش کە سوریانییەکانیش نەیانخواست بخرێنە سەر تورکیا، موسڵ و کەرکوک نەخرایە سەر تورکیا، شێرکۆ بێکەس لە ناو ڕاستییەکی لەو شێوەیەی کۆمەڵگەیەکی مێژویدا خۆڵقا، هونەرمەندبون، ئەدیبون و وڵاتپارێزییە گەورەکەی بەو هۆیەوە بو، هەر لە شیعرەکانیدا هەمیشە باس لە خۆشەویستیی وڵات و عەشقی ئازادی دەکات، هەمو کات پەیوەندی لە نێوان داخوازیی ئەو بۆ ئازادی و کەسایەتیی ڕاپەڕیویدا دەبینرێت و هەیە، کەسایەتیی ئەو هەرگیز ئەوە قبوڵ ناکات کە بە ناوچەیەکەوە سنوردار بکرێت، سەربەخۆپارێز و ئازادیپارێزە، لەبەر ئەوەش هەمو کات نۆکەری بێزار و توڕەی کردوە، ئەوەش ئەو لایەنەی ڕێبەر ئاپۆ و پەکەکە بو، کە ئەو زۆر حەزی لێدەکرد، لە جوگرافیایەکدا (کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست)، کە هاوسەنگیی دونیای تیادا بونیات دەنرێت و چەندین هێز دەستیان تیایەتی، سیاسەتی سەربەخۆ و هەڵوێستی ئازاد-ی (پەکەکە) کاریگەریی لە شێرکۆ بێکەس کردبو.

وڵاتپارێزییەکەی تەنها بۆ هەرێمی سۆران و باشوری کوردستان نەبو، بەڵکو لە نزیکەوە تێکۆشانی ئازادیی لە هەمو کوردستان پەیوەندیدار بە خۆیەوە دەزانی، خەون و تامەزرۆیی وڵاتپارێزیی دیموکراتیک لەگەڵ شێرکۆ بێکەس زۆر بەهێز بو، هەم هەوڵی دەدا یەکێتیی هەستی گەلی کورد بەهێز بکات و هەمیش کۆمەڵگە و پێکهاتە ئیتنی و ئایینییە جیاوازەکانی کوردستانی بە بەشێک لە تێکۆشانی ئازادیی کوردستان دەزانی، ئەو عەقڵییەتە سیاسییە، کە لە سەدەی ٢٠ دا کوردستانی پارچە پارچە کرد و ئەو هەستە، کە بەو هۆیەوە دروستبو، بە ڕەوای نەدەزانی، ئەو لە هەست و هەڵوێستی خۆیدا کوردستانی کردبو بە یەک، لەبەر ئەوەش تێکۆشانی ئازادیی نەتەوەیی لە باکوری کوردستان تێکۆشانی شێرکۆ بێکەسیش بو، گەریلا بۆ ئەو گەریلای هەمو گەلی کوردستان بو، ئەو هەستانەی شێرکۆ بێکەس بونە هۆی ئەوە، کە داوای ئەو بۆ یەکێتیی نەتەوەیی و ئەنجامدانی کۆنگرەی نەتەوەیی بەهێزتر ببێت. لەبەر ئەوەش بە هەمو شێوەیەک پشتیوانی لەو هەوڵانە دەکرد.

گەڕان و لێکۆڵینەوەکانی بۆ ئازادیی تەنها ئازادیی سیاسی نەبو، بەڵکو ئازادیی کۆمەڵگە و دیموکراسیش بۆ ئەو زۆر گرنگ بو، لەبەر ئەوەش لە نزیکەوە سەرنجی دەخستە سەر کێشە کۆمەڵایەتییەکان، نەک تەنها سەرنجی دەخستە سەر کێشە کۆمەڵایەتییەکان لە باشوروی کوردستان، بەڵکو بە هەمان شێوە سەرنجی دەخستە سەر کێشە کۆمەڵایەتییەکانی هەمو کوردستان، لەبەر ئەوەش چاودێر و ڕەخنەگرێکی باش بو، هەر خۆی تایبەتمەندیی ڕەخنەگربونی هەندێک لایەنی قەڵس و بێزار کردبو، کاتێک وڵاتپارێزی و ئازادیی کۆمەڵایەتی و دیموکراسی تەواوکاری یەکتر نەبوانەیە، ئەوەی بە وڵاتپارێزی نەدەزانی، هەر خۆی لە خۆیدا هەڵوێست و نزیکایەتیی بۆ کێشە کۆمەڵایەتی، دیموکراسی و ئازادییەکان ئەوەی دەسەلماند، کە خاوەن چ هەستێکی وڵاتپارێزانەیە.



- شێرکۆ بێکەس شاعیرێکی گەورەیە و وەکو سیاسەتمەدار، شەڕڤانێکی ئازادی، وڵاتپارێزێکی گەورە و پێشمەرگەیەکیش لە بەرامبەرماندا ئامادەیە، باشە دەکرێت تەنها بە شێرکۆ بێکەس بوترێت شاعیر؟

"شێرکۆ بێکەس پەیوەندیی بە ڕۆشنبیریی و هونەرەرێکەوە هەیە، کە لە ناو تێکۆشانی ئازادیدایە"

جەمیل بایک: دەبێت ئەوە بڵێم، شاعیر و هونەرمەند تەنها شیعر نانوسن و گۆرانی ناچڕن، بەڵکو لە مێژودا هونەرمەندان، گۆرانیبێژان و شاعیران باسی پێویستییان بە گۆڕانکاری لە کۆمەڵگەدا کردوە، عەقڵییەتی مۆدێڕنیتەی کاپیتالیست ئەوەیە، کە دەیەوێت ئەدەب، هونەر و ڕۆشنبیری لە پەیوەند لەگەڵ کێشە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان دور بخاتەوە، بۆ ئەوەی بتوانێت بە ئاسانی دەستبەسەر کۆمەڵگەدا بگرێت، کاریشی بۆ دروستکردنی ئەو عەقڵییەتە کردوە، تەنها هونەرمەندان و شاعیرانی مۆدێڕنیتەی کاپیتالیست دەیانەوێت سیاسەت و کێشە کۆمەڵایەتییەکان بە جیا و دابڕاو لە یەکتری شیکار بکەن، بەڵام هەڵوێستی شاعیران و هونەرمەندان بە درێژایی مێژو جیاوازترە لەوەی کە مۆدێڕنیتەی کاپیتالیسم دەیەوێت پێناسەی بکات و بیچەسپێنێت، هونەرمەندان کۆمەڵگە لە سیاسەت، ئازادی و تێکۆشانی دیموکراسیی کۆمەڵگە هۆشیار و ئاگادار دەکەنەوە و ئەوە یەکێکە لە ئەرکە سەرەکییەکانیان، شێرکۆ بێکەس لە ژیانی خۆیدا ئەوەی کردوە، شێرکۆ بێکەس باش دەیزانی لە وڵاتێکدا، کە ئازادیی و سەربەخۆیی تیادا نەبێت، لە ناو کۆمەڵگەکەیدا باشی و جوانی بونیات نانرێت و نائافرێنرێت، لەبەر ئەوەش، ئەو پەیوەندیی بە ڕۆشنبیری و هونەرەرێکەوە هەیە، کە لە ناو تێکۆشانی ئازادیدایە، ئەگەر ئەوەی نەکردایە نەدەبوە هونەرمەند و شاعیر، خۆی لە خۆیدا بەتەنها کەسایەتییەکی ڕوتی وەک شاعیر و گۆرانیبێژ بونی نییە، چونک بە دڵنیاییەوە هەڵوێستی سیاسییان هەیە و لەبەر ئەوەش لە بواری سیاسیدا چالاکن، پێشمەرگایەتی و چالاکییە سیاسییەکانی بەهۆی هەڵوێستە هونەری و شاعیرییەکەیەوەیە، ئەگەر لە کوردستان تێکۆشانی دیموکراتیکی نەتەوەی و تێکۆشانی ئازادیی نەبوایە، ئەی ئەو شیعری بۆ کێ بوتایە و چۆن هونەرەکەی بخستایەتە ڕو؟ لەبەر ئەوەش هەڵوێستی شێرکۆ بێکەس ڕاست و دروستە، ئەوانەی خۆیان لە تێکۆشانی ئازادیی و کێشە کۆمەڵایەتییەکان بە دور دەگرن، هەڵوێستیان هەڵەیە و یان نازانن لە چۆن وڵاتێک دا دەژین، لەبەر ئەوانەش دەبێت هونەرمەندان و شاعیران وەکو شێرکۆ بێکەس و زیاتریش پەیوەندییان بە سیاسەتەوە هەبێت و لە ناو تێکۆشانی ئازادیدا بن.



- شیعرەکانی شێرکۆ بێکەس لە دژی داگیرکەران ڕاپەڕینێکە، ئێمە لە هەمو شیعرەکاندا چیاکانی کوردستان و تێکۆشانی ئازادی دەبینین، وەک دەبینرێت، شیعرەکانی خۆی پێشکەشی تێکۆشەران کردوە، لەو چوارچێوەیەدا دەبێت ئێمە چۆن لێکدانەوە و شیکاری بۆ کەسایەتیی ئەو بکەین؟

"خاکی کوردستان چۆن بە شکۆ و جۆش و خرۆشە، شێرکۆ بێکەسیش بەوشێوەیە بو"

جەمیل بایک: شێرکۆ بێکەس شاعیرێکی پڕ لە جۆش و خرۆش بو، ئەو شیعرانەی کە دەیخوێندنەوە پێناسەی کەسایەتیی ئەو بون، بە جۆش و خرۆش شیعرەکانی دەخوێندەوە، خاکی کوردستان چۆن بە شکۆ و جۆش و خرۆشە، شێرکۆ بێکەسیش بەوشێوەیە بو، زۆر گرنگە مرۆڤ بە چاوی دایکایەتییەوە سەیری چیا، دەشت و وڵات بکات. ئەگەر ئەو چیا و دەشتانەت خۆش بوێت ئەوا بە ڕۆشنبیری و کارەکتەری فیزیکیش تۆ لەو جوگرافیایە تێدەگەیت، شێرکۆ بێکەس شاعیرێکی وڵات بو، کە کۆمەڵگە بونیات دەنێت، کوردستان بۆ ئەو مێژو و دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری بو، لەبەر ئەوەش زیاتر لەسەر چیا هەڵوەستەی کردوە، ئەوانەی وڵات و گەلی خۆیان خۆشدەوێت، تێکۆشانیشان خۆش دەوێت، چونکە گەل و کۆمەڵگە بونەتە هەڤاڵی تێکۆشەران، ئەگەر بەو بەهایە بەرز ڕانەگیرێت ئەوا کۆمەڵگە ناتوانێت خاوەنداری لە ئازادیی و وڵاتی خۆی بکات، ئەوانەی خاوەنداری لەو بەهایانە دەکەن بۆ ئازادیی تێدەکۆشن و خاوەنداری لە ئازادیی خۆیان دەکەن، چونکە خاوەنداریکردن لە تێکۆشانی ئازادیی بە مانای خاوەنداریکردنە لە کۆمەڵگە، ئەو کۆمەڵگەیانە لە بەهاکان تێنەگەن بەرگەی هێرشێکی بچوک ناگرن و لەبەر یەکهەڵدەوەشن، دەبێت مرۆڤ خاوەنداری لە نرخ و بەهاکانی کۆمەڵگە بکات، ئەو بەها و نرخانە لە ژێر سایەی کەسەکاندا خۆی زەق و بەرجەستە دەکات، یانی دەبێت ئەو کەسانە زۆر زیاتر لە هەموان خاوەنداری لەو نرخ و بەهایانە بکەن، خاوەنداریکردنی هونەرمەندان و شاعیران و گۆرانیبێژانیش زۆر گرنگە، کۆمەڵگەیەک خاوەنداری لە شاعیران و هونەرمەندانی خۆی بکات زیاتر دەتوانێت خاوەنداری لە ئازادیی و ژیانی دیموکراتیک بکات.

شاعیران لە پێش هەمو شتێکەوە خاوەنداریی لە تێکۆشەرانی باشی و جوانی دەکەن و بەوەش لە پێش هەمو شتێکەوە خاوەنداری لە خۆیان دەکەن، چونکە هونەرمەندان ئافرێنەرانی جوانی و باشی و چاکەن.

شێرکۆ بێکەسیش بە جوانترین شێوەی ڕون و بەرچاو خاوەنداریی لە تێکۆشانی ئازادیی و دیموکراسی و خاوەنداریی لە ڕێبەر ئاپۆ کرد، لە دژی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی ڕونترین هەڵوێستی نواند، هەڵوێستی شێرکۆ بێکەس بوە هۆی ئەوە لە سلێمانی و باشوری کوردستان دا چالاکیی ئیدانەکردنی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی ڕێکبخرێت، بەهۆی هەڵوێستەکانی ئەو لە دژی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی و بەهۆی خاوەنداریکردنی لە ڕێبەر ئاپۆ، من جارێکیتر سوپاسی خۆمی پێشکەش دەکەم، هەرگیز ئەو هەڵوێستەی ئەو لەلایەن گەلەکەمانەوە فەرامۆش ناکرێت.

شێرکۆ بێکەس بۆ ڕێبەر ئاپۆ شیعرێکی پڕ لە مانا و واتاداری نوسیوە، یەکەمجار خۆی بە تەلەفون بەشداریی بەرنامەی تەلەفزێۆن بو و خۆی بە دەنگی خۆی شیعرەکەی خوێندەوە، ئەو شیعرەی زۆر جار لە تەلەفزیۆنەکانی ئێمەدا خوێندوەتەوە و ڕۆڵیشی هەبو لەوەدا کە ڕێبەر ئاپۆ لە دڵ  و نەست و هۆشی کوردا زیاتر گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت، هەروەها ئەو شیعرە لە زمانی هونەرمەندێکەوە، دەبێتە ماڵئاواییەک و خاوەنداریکردنێک لەو ڕەنجە، کە ڕێبەر ئاپۆ بۆ کوردی داوە، بەو شیعرە، تێکۆشانە واتادارەکەی ڕێبەر ئاپۆ بۆ ئازادیی کورد شیکار دەکات، نوسینی شیعرێک بۆ ڕێبەر ئاپۆ لەلایەن شاعیرێکی گەورەوە، بۆ ئێمە جێگای شانازی و شکۆیە، ئەو شیعرەی شێرکۆ بێکەس بۆ کۆمەڵگەی کورد لە چوار پارچەی کوردستان دەبێتە بانگەوازێک کە نرخ و بەها بەو کەسانە بدەن، کە قوربانیی بۆ دەدەن و تێدەکۆشن، ڕێبەرایەتی کە هونەرمەندان، شاعیران و گۆرانیبێژان خاوەنداریی لێدەکەن، ئەوە بێگومان گەلیش خاوەنداریی لێدەکات، یەکێک لەو هۆکارانە کە ئەمڕۆ بەو ڕادەیە خاوەنداری لە ڕێبەر ئاپۆ دەکرێت بۆ ئەو ئەندازەیە لە خاوەنداریکردنی گۆرانیبێژان، شاعیران و ئەدەبیان لە ڕێبەر ئاپۆ دەگەڕێتەوە، کە بۆ گەل تێکۆشاوە و بەهای خوڵقاندوە.

شێرکۆ بێکەس بە شیعریک بۆ ٤ شۆڕشگێر (شیرین عەلەم هولی، فەرزاد کەمانگەر، عەلی حەیدەریان و فەرهاد وەکیلی) کە لە ئێران لە سێدارە دران، ئەوەی سەلماند، کە دەبێت مرۆڤ خاوەنداریی لە تێکۆشەرانی ئازادیی بکات، بەو شێوەیە شیرین عەلەم هولی، عەلی حەیدەریان، فەرزاد کەمانگەر و فەرهاد وەکیلی بە شیعرەکەی خۆی هەرمان و نەمر کرد و لە دڵ و هۆشی گەل دا ئەوانی کردە مەڵبەندی گفتوگۆ و بیرکردنەوە، شێرکۆ بێکەس ئەوەی سەلماندوە، کە لەگەڵ تێکۆشانی چوارپارچەی کوردستان دا دەژی و هەم خواستویەتی بەها و نرخەکانی هەمو پارچەکانی کوردستان نەمر وهەرمان بکات، بەو شێوەیە سەلماندوێتی، کە دەبێت پێوەری چاکە و جوانی گەل چۆن بێت، بۆ ئەوەی کارەکتەر و تێکۆشانی تێکۆشەرانی ئازادیی بکاتە پێوەری کۆمەڵگە لە شیعرەکانی خۆیدا جێگە و پێگەی بۆ تەرخانکردون، هەر چۆن لە مێژودا ئەو قارەمانانەی لە ڕۆمان و چیرۆکەکاندا بۆ گەل کاریان کردوە و تێکۆشانەکەیان بوەتە پێوەری گەل، ئەوانیش بە شێوەیەک، واتە زۆر بەرچاو بونەتە پێوەری چاکە و جوانی، شێرکۆ بێکەس-یش بە شیعرەکانی، ژیان، کارەکتەر و تێکۆشانی تێکۆشەرانی ئازادیی کردوەتە نمونە، کار بۆ ئەوە دەکات، کە نەوەی نوێ لەو پێوەرانە تێبگەن، ئەوەش ئەو ڕاستی و حەقیقەتەش نیشان دەدات، کە شاعیر، هونەرمەند، گۆرانیبێژ و ئەدیب و ڕۆشنبیران بۆ کۆمەڵگە گرنگن.

لەو ڕوەوە شێرکۆ بێکەس ئەو شاعیرەیە، کە پێوەرەکانی وڵاتپارێزیی، ئازادیی، گەلپارێزی و دیموکراسیی خستوەتەڕو، کارەکتەرە کۆمەڵایەتییەکان لەلایەن شاعیران و هونەرمەندانەوە باشتر و چاکتر بۆ کۆمەڵگە دەستنیشان دەکرێن، لەو ڕوەوە دەبێت مرۆڤ شێرکۆ بێکەس وا ببینێت، کە وەک هەمو شاعیران و هونەرمەندان ڕۆحی گەلی کورد دەئافرێنێت، سیاسەتمەداران و شۆڕشگێڕان دەرفەتی چاکە و باشی و سەربەرزی دەئافرێنن و دەیخەنەڕو، شاعیرانیش ئەوانە دەکەنە کۆمەڵایەتی و هەرمان و نەمریان دەکەن، دەبێت مرۆڤ شێرکۆ بێکەس-یش بە شاعیرێکی لەو جۆرە بزانێت، کە رۆح  و گیانی کۆمەڵایەتی و کارەکتەری کۆمەڵایەتی دەئافرێنێت.



- ئەگەر ئێستا شێرکۆ بێکەس لە ژیاندا بوایە، لە دژی داگیرکەریی دەوڵەتی تورک بۆ سەر برادۆست و پارچەکانی تری کوردستان چی دەکرد؟

"ڕادەپەڕی و داواشی لە گەل دەکرد لە دژی ئەو هێرشانە ڕاپەڕن"

جەمیل بایک: وەڵامی ئەو پرسیارە ڕونە، بە دڵنیاییەوە شاعیرێکی وەک شێرکۆ بێکەس لە دژی هێرشەکانی دەسەڵاتی فاشیستیی و قڕکەر و پاکتاوکارانەی ئاکەپە – مەهەپە، دوژمنانی کورد لەسەر باشوری کوردستان و لە دژی هێرشە پاکتاوکارانە و قڕکەرەکان بۆ سەر ڕۆژئاوا ڕادەپەڕی و داواشی لە گەل دەکرد لە دژی ئەو هێرشانە ڕاپەڕن، ئەو هەڵوێستی نۆکەرایەتیی حیزبەکان و ئۆپۆرتۆنیستیی و ترسنۆکیی قبوڵ نەدەکرد، ئەو داوای دەکرد گەل لە دژی ئەو حیزبانە و ئەو جموجوڵە داگیرکەرییە ڕاپەڕن.

شێرکۆ بێکەس هەرگیز قبوڵی نەدەکرد، کە هیچ شوێنکی کوردستان لەلایەن هێزەکانی دوژمنی پاکتاوکارەوە بە فڕۆکەی جەنگی بۆردومان بکرێت، لە دژی کۆمەڵکوژکردنی هاوڵاتییانی مەدەنی و ئاگرتێبەردانی دارستانەکان دەبو، کە هێژاترین گەنجینەی کوردستانن، کە ئێستا لە هەمو شوێنێکەوە لەلایەن داگیرکەرانەوە ئاگریان تێبەردەدرێت، بە دڵنیاییەوە وەک ویژدانی گەل ڕادەپەڕی و لە دژی ئەو هێرشە داگیرکەرییانە و لە دژی بێدەنگی رادەپەڕی.

شاعیرێک کە عاشقی وڵات، چیا، دارستان، باڵندە، گوڵ، مێرو و دەشتەکانە، چۆن ڕێگا بە خۆی دەدات بە بەرچاوییەوە داگیرکەری و تاڵانکاریی و سوتماک ڕوبدات؟ ئاگر تێبەردانی دارستانەکان سوتاندنی داهاتوە، ئەگەر مرۆڤ بیری لێ بکاتەوە ئەو ناوچانەی کە زۆر نزیکی باشوری کوردستانن دەبنە چۆڵەوانی، ئەو کات ئاگرتێبەردانی دارستانەکان کوردستان دەکاتە چۆڵەوانی.

شاعیر، هونەرمەند، گۆرانیبێژ و مرۆڤە ڕۆشنبیر و ئەدیبەکان ناتوانن ترسنۆک بن، ناتوانن چاوی خۆیان لە ڕاستییەکان بنوقێنن، بە پێچەوانەوە چاوی کۆمەڵگە دەکەنەوە، لەو ڕوەوە دەوڵەتی تورک لەلایەن دەسەڵاتی فاشیستیی ئاکەپە – مەهەپە باشوری کوردستان دەکاتە سوتماک، دەرفەتیشی بۆ بڕەخسێت داگیریشی دەکات، هەڵبەت شێرکۆ بێکەس بێگومان لە دژی ئەو داگیرکەرییە دەوەستایەوە، هەر لە دژی ئەو کارانە چالاکانە کاری دەکرد، ئەو گوشاری دروست دەکرد، کە دەبێت هێزە سیاسییەکان لەو ڕوەوە ببنە خاوەن هەڵوێست.

شێرکۆ بیکەس قبوڵی نەدەکرد، کە کوردستان لەلایەن سوپای تورکەوە داگیربکرێت، باشوری کوردستان لەلایەن میت-ەوە بەوشێوەیە گرمۆڵە بکرێت، لە دۆخێکی لەو شێوەیەدا، کە باشوری کوردستان بۆ دەستکەوتەکانی قوربانیی زۆری داوە، ئەو لە دژی هێرشەکان دەوەستایەوە، کە ئامانجی ئەو هێرشانە تێکشکاندنی ورە و موراڵی کوردە، ئەو داوای دەکرد شاعیران، هونەرمەندان بە گیانی ئازادییەوە لە دژی داگیرکەران بوەستنەوە، لە ڕاستیدا هەڵوێستی هەمو وڵاتپارێزان هەر بەو شێوەیە دەبێت.

شێرکۆ بێکەس دەیوت، ئەو هێرشانە تەنها بۆ سەر پەکەکە و گەریلا نییە و بۆ سەر هەمو گەلی کورد بۆ سەر هەمو دەستکەوتەکانی کوردە، بێگدەنگیی وەکی خافڵان لێکدەدایەوە، شێرکۆ بێکەس بێ دودڵی لە دژی داگیرکەری هەڵوێستی وەردەگرت، لەو ڕوەوە دەبێت هەمو گەلی کورد گوێ لە شاعیرانی بوێر و ئازا بگرن، کە لە دوی بەرژەوەندیی خۆیانەوە نین، دەبێت گوێ لە شاعیران، هونەرمەندان و ڕۆشنبیرانی خاوەن رۆح و گیانی ئازاد بگرن، گرنگترین و لە پێشترین ڕێز و دڵسۆزی بۆ شێرکۆ بێکەس پێویستیی هەڵوێستە لە دژی هێرشە داگیرکەرییەکان.



- دوا وتەتان بۆ شێرکۆ بێکەس چییە و دەتانەوێت چێ بڵێن؟

"خەونی ئەو بەدی دەهێنین کە یەکێتی نەتەوەیی بو"

جەمیل بایک: ٥ ساڵ بەبێ شێرکۆ بێکەس تێپەڕی و نیشانی دا بۆشایی شوێنەکەی بە ئاسانی پڕ ناکرێتەوە و دیارە، ئێستا ئێمە لە هەمو ڕویەکەوە هەست بە نەمانی شاعیری گەورە دەکەین و دەیبینین، لە دۆخی قورسی وەک ئێستادا مرۆڤ زۆر زیاتر پێویستی بە شاعیری وەک شێرکۆ بێکەس هەیە، کە نرخ و موراڵ و ورەی کۆمەڵگە بەرز دەکەنەوە، لەم ڕۆژانەدا ئێمە یادی دەکەینەو، ئێمە جارێکیتر سوێند دەخۆین، کە هەمیشە بە ڕێز و خۆبەقەرزدارزانینی، یادی بەرز ڕابگرین و بیرکردنەوە و خەونەکانی بهێنینە دی، شێرکۆ بێکەس زۆر گرنگیی بە دروستکردنی یەکێتیی نەتەوەیی دەدا، ئێمە بڕوامان بەوە هەیە، کە خەون و خولیا و داواکانی شێرکۆ بێکەس و ئەوەی، کە بە درێژایی ژیانی بیری لێکردوەتەوە و کاری بۆ کردوە، واتە داوای یەکێتیی نەتەوەی کورد بەدی دەهێنین.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×