رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی داوا لە حكومەتی هەرێم دەكات گوهدار زێباری ئازاد بكات
  2023-10-02       371       

رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ناسراو بە ئەمنیستی ئینتەرناشناڵ داوا لە حكومەتی هەرێم دەكات گوهدار زێباری، رۆژنامەنوسی بادینان دەستبەجێ ئازادبكرێ ئەوەش دوای ئەوەی دوێنێ لەلایەن دادگاوە سزای شەش مانگی دیكەی بەسەردا سەپێنرا. رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی داواش لە حكومەتی هەرێم دەكات كۆتایی بە دەستگیركردن و رۆژنامەنوسان و چالاكوانان بهێنێت.

ئاوێنە: رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، ئەمڕۆ دوشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، دوێنێ یەكشەممە، دادگای تاوانەكانی هەولێر شەش مانگی دیكە سزای بەسەر رۆژنامەنوس گوهدار زێباریدا سەپاند، ئەوەش لەسەر بنەمای "تۆمەتی هەڵبەستراو."

رێكخراوەكە ئاماژەی بەوەداوە كە گوهدار زێباری، دوای دادگاییكردنی نادادپەروەرانە، سێ ساڵ سزای لە زینداندا بەسەربردوە.

هێمای بۆ ئەوەش كردوە، دوێنێ لە دادگاییكردنی گوهدار زێباریدا رێگە نەدراوە بە نوێنەرانی چەندین كونسوڵخانەو رێكخراو ئامادەی دانیشتنی دادگاییكردنەكە بن.

ئەوەشی خستۆتەڕو، بەپێی سزا نوێیەكە، پێشبینی دەكرێت گوهداری زێباری لە 16ی 2ی 2024دا ئازادبكرێت.

وتوشیەتی، ئێمە داوا لە حكومەتی هەرێمی دەكەین هەر ئێستا گوهدار زێباری ئازادبكەن.

جەختیشی كردۆتەوە كە دەبێت حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆتایی بە دەستگیركردنی رۆژنامەنوسان، چالاكوانان و هەمو ئەو كەسانە بهێنێت كە رەخنە لە حكومەت دەگرن. وتوشیەتی، ئەو دەستگیركردنانە بە ئامانجی بێدەنگكردنی ناڕەزایەتییەكانە.

دوێنێ رەمەزان هەرتیسی، یه‌كێك له‌پارێزەرانی‌ دۆسیەی‌ دەستگیرکراوانی‌ بادینان لەکۆنگرەییەکی‌ رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند،  رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ 1ی 10ی 2023، دانیشتنی دادگاییکردنی‌ گوهدار زێباری‌ بەڕێوەچو كه‌ تۆمه‌تی هه‌ڵگرتنی چه‌كی بێمۆڵه‌تی ئاڕاسته‌كرابو و تێیدا دادگا سزای 6 مانگی دیكە زیندانیكردنی به‌سه‌ردا سه‌پاند.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×