پارێزگاری نەینەوا دەڵێت، بەمزوانە دۆسیەی ئەمنیی شنگال رادەستی پۆلیس دەکرێت و قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەکان دادەنرێن و ژیان لەو ناوچانە ئاسایی دەبێتەوە.
ئاوێنە: نەجم جبوری، پارێزگاری نەینەوا، ئەمڕۆ پێنجشەممە، بە روداوی راشیگەیاند "ئێستا 500 پۆلیس لەکۆی 1500 پۆلیسی شنگال و دەوروبەری لە کوردانی ئێزدین، کە بەرپرس دەبن لە ئاسایشی ناوخۆ و پێویستە لە شنگال تەنیا پۆلیس لەناو شارەکەدا بمێنێتەوە، هیچ لایەنێکی دیکەی تێدا نەبێت، سوپا و حەشد بچنە دەرەوەی شارەکە."
پارێزگاری نەینەوا لەبارەی پەیوەندییەکانی خۆیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان وتی"پێموایە کوردستان قوڵاییە، ئێمەش بە هەمان شێوە قوڵایین بۆ ئەوان، کێشەکە ئەوەیە هەندێک لە سیاسییەکان حەزیان لە پەیوەندییەکی باش نییە لەگەڵ کوردستان، دەیانەوێت پەراوێزی بخەن، من پەیوەندیم باشە لەگەڵ کوردستان ئەوەش کاریگەری باشی هەبوە لەسەر دۆخی موسڵ."