"ئاهەنگی مردووناشتن"
  2023-10-21       1037       

دلاوەر قەرەداغی

ـــــــــــــــــــــــــــــــ


"نالی"چییە وا میسلی جوعەل غەرقی شیاکەی
خۆ تۆ بە حیسابی وەکوو پەروانە شەمت بوو؟!
نــالــــــی

 

ئەز لە ناوەندی ئەدەبی کوردییدا کەموزۆر بەوە  ناسراوم بە هیچ ڕازی نیم، سوپاسگوزار نیم و هیچم بە دڵ نییە. جارێکیان کتێبی تازە چاپکراوی دەزگایەک لە ئێران گەڕابووەوە، من کە چاوێکم بە کتێبەکەی خۆمدا گێڕا و لە بەرگ و پەڕەکانی ناوەوەی ورد بوومەوە، نەمتوانی لەسەر هەتککردنی کتێبەکە ددان بە خۆمدا بگرم و بێدەنگ بم، کتێبەکەم فڕێ دا، تووڕە بووم و شوێنەکەم جێهێشت. خاوەنی دەزگاکە گوتی لەناو ئەو هەموو نووسەر و ئەدیبەدا، تەنها تۆ ناشکوریت و هیچت بەدڵ نییە، ئەوەتا فەرموو کاک فڵان کە کتێبی بۆ چاپ دەکەم،  تەماشای کتێبەکەش ناکا و دنیایەک سوپاس و ستایشم دەکا.

جارێکی تریان خاوەن دەزگایەکی دی لە دەرەوەی کوردستان، کە پاداشتی ڕەنج و شەونخوونیی خۆم و هاوڕێیەکمی خوارد و نەی دا، بە لاقرتێ و گلەوگازندەوە گوتی: بەس تۆ و فڵان پاداشتتان بۆ کتێبەکانتان دەوێ، دەنا دوکتۆر فیسار و مامۆستا فڵتان دەڵێن تەنها کتێبەکانمان چاپ بکە هیچمان ناوێت و سوپاسگوزارتین.

جا هەر لە ئاستانەی ئەم وەرزی ساردی کۆڕ و کتێب و ئیڤێنت و سیپوزیۆم و پانێڵ و گردبوونەوانەدا، چەند ئێوارەیەک لەمەوبەر پەلەپەل تا لە کاتی خۆیدا بگەمە جێ، تامەزرۆ و بە خۆشحاڵییەوە بۆ بۆنەی ناساندنی ئەنتۆلۆژیای شیعری نوێی کوردی (وەرگێڕدراو ) بۆ زمانی دانیمارکی، کە شیعری خۆیشمی تێدابوو، چووم و لە کاتی خۆیدا لەوێ بووم. 

دیار بوو چاوەڕێی هاتنی خەڵکی بە ژمارە زۆروبۆری بانگهێشتکراو بوون، بۆیە کۆڕەکە نزیکەی نیو سەعاتێک دوا کەوت... لە ماوەی ئەو نیو سەعاتەدا کتێبەکەم بە دەستی هاوڕێیەکەوە بینی (کە خۆی دەبوو چەند ڕۆژێک لەوەوبەر و بە ڕێزەوە نوسخەی خۆم بدرێتێ)، چاوێکم بە بەرگ و ناوەوەی کتێبەکەدا گێڕا و ئیدی وردە وردە چاوی شیعرم دەپەڕییە پشتی سەرم. بە چاپ و بەرگ و قەبارەی ناقۆڵا و ناشیرینی کتێبەکە، بە پەڕەی سپی کە باوەڕ ناکەم لە هیچ شوێنێکی ئەم دنیایەدا کتێبی پێ چاپ بکرێ، شۆک بووم. 

دوای نزیکەی نیو سەعات دواکەوتنەکە، فەرموویان لێ کردین و چووینە ژوورەوە، لەوێش بەدەم گوێڕادێران لە برای ناسێنەر و ئامادەکاری ئەنتۆلۆژیاکەوە، کە بە داخەوە قسەکانی لەبارەی (پرۆژە)کەوە سەرپێیی بوون،  دانیشتم و گوێم ڕادێرا. تا دەهات زیاتر نائومێد دەبووم و شەرم دایدەگرتم و ئیرەییم دەبرد. نائومێد لە خۆم و شەرم لە خوێنەری دانیمارکی و ئیرەییش بەو دەنگە باشانەی شیعری کوردی کە لە ئەنتۆلۆژیاکەدا نەبوون. ئاخر لەم ئەنتۆلۆژیایەدا شیعری تێدایە ناشکرێت بە کوردی، چ جای بە زمانێکی تر..بەزۆریی وشە بە وشە و دێڕ بە دێڕ وەرگێڕدراون. ئەوەندەی بیشزانم وەرگێڕانی ئەنتۆلۆژیای شیعر، پرۆژەی نەتەوەییە و ستراتیژ و شوناس و سەرمایەی گەورەی کولتووری و مەعنەویی هەر گەلێکە و دەبێ داودەزگا و زمانزانی پسپۆڕ و شاعیری باش و ئەکادیمیستی گرینگ و قووڵی لە پشتەوە بن. 

هەر چەندم کرد و کۆشام شتێکی ئەوتۆم لە قسەکانی ئەو شاعیرە دانیمارکییە کە بەشداری (پرۆژە)کەشە، هەڵنەکڕاند، جگە لە گۆکردنی ناوی دوو شاعیر و دێڕێکیش کە گوتی زمانی شیعری کوردی (ئەگەر باش حاڵی بووبم) لەسەر سۆز و هەست ئیش دەکا.. دڵنیا نیم ئاخۆ ئەو شاعیرە دانیمارکییە خۆی هەر وا تێکەڵپێکەڵ و پچڕپچڕ قسان دەکا، یان قسەکانی بێمەبەست یاخود بە ئەنقەست بڕدراوە و مۆنتاژ کراوە.

قسەیەکی ئامادەکاری ئەنتۆلۆژیاکەم بە لاوە سەیر بوو کە گوتی هەوێنی ئەم پرۆژەیە شیعرێکی کاک فڵانە. دیارە ئەم قسەیە بە ڕوواڵەت لە ستایشی ئەو هاوڕێ و شاعیرە ئازیزەدایە، بەڵام وەکو تر بە زەرەری  خۆی دەشکێتەوە. چونکە ئەگەر برای وەرگێڕ و ئامادەکار هێندە بەو شیعرە سەرسام بووبێ، ئەوا وا باشتر و شیاوتر بوو کە چەند شیعرێکی تری ئەو هاوڕێیەمانی وەربگێڕایە و وەک کۆمەڵەشیعرێکی هەڵبژاردە، چاپێکی جوان و مۆدێرنی بکردایە، نەک بەهۆی ئەو شیعرەوە خۆی بخاتە ژێر باری قورسی پرۆژەیەکی گەورە و فرە لایەن و پڕ چورتمی وەک ئەنتۆلۆژیاوە.

ئەز جاروبار بە خواست یان بە خوایشت و زیاتریش بە هەڵە و بەدحاڵییبوون، بە ناوی کۆڕ و ئیڤێنت و پانێڵ و سوپوزیۆم و پرۆژەی دەستەجەمعییەوە، دەکەومە ناو ئەم چەشنە ڕێکەوتە ناجۆرانە و دواتر نازانم چۆن لێی بێمە دەرەوە. جا لە گەڵیشیدا ژانەسەرێکی توند دەمگرێ و بەزۆر ددانی مانەوە بە خۆمدا دەگرم. بەڵام ئەمجارە لەو ئێوارەیەدا، بە داوای لێبوردنی زۆر زۆرەوە لەو چەند دۆست و هاوڕێ و خوێنەرە ئازیزانەی کە لە هۆڵەکە بوون و ئەرکی هاتنیان کێشابوو، نەمتوانی بمێنمەوە، بۆیە هەستام و بە پێی خۆم لە پرسەیەک هاتمە دەرەوە، کە من بە دڵی خۆش و بە نیازی بەشداری و چێژبردن و خۆشیی، بۆی چووبووم.
________________

 تابلۆ: شەوگەڕ
نیگارکێش:
Edvard Munch ( ۱۹٤٤- ۱۸٦۳)
نەروێژ
ڕووبەری تابلۆ: (٦۸ * ۹٠سم)
زەیت لەسەر کانڤاس
۱۹۲۳ـ ۱۹۲٤

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×