وەستا رەسوڵ: دو ئیدارەیی یاخود لامەركەزی هەردوكیان بۆ سلێمانی گرنگە‌و پێویستیشە
  2019-02-19       4283       

ئا: ئاوێنە

 وەستا رەسوڵ، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەمیانی چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ ئاوێنە رایدەگەیەنێت بزوتنەوەی گۆران حزبێكی سیاسی كوردستانە‌و رێز لەبریارە سیاسییەكەیان دەگرین، بەڵام بە بروای من ئەوان زۆنی سلێمانیان تێكدا، لەبارەی كۆبونەوەكەی دوێنێی پەرلەمانی كوردستانیشەوە دەڵێت " پەرلەمانێكە لەپەرلەمانەكەی دوای 31 ی ئاب دەچێت"، پێشی وایە بابەتی دو ئیدارەیی یاخود لامەركەزی هەردوكیان بۆ سلێمانی گرنگە‌و پێویستیشە.

ئاوێنە: كۆبونەوەی پەرلەمانی كوردستان بەلای یەكێتییەوە چاوەروان كراوبو؟

 وەستا رەسوڵ: ئەوەی رویدا لای ئێمە زۆر چاوەروانكراو بو، نەك ئەوەی بەلامانەوە چاوەرواننەكراو بێت، لەبەرئەوەی ئێمە داوای پرۆژەیەكی نیشتمانیمان كردوە، ئەم پرۆژە نیشتمانییە، پرسی كەركوكی لەخۆ گرتوە، خۆ كەركوك تەنها  بۆیەكێتی گرنگ نیە بۆ هەمو كورد گرنگە، بۆیە ئێمە لەسەر بریاری خۆمان پێداگرین‌و سورین لەسەر ئەو پرۆژە سیاسیەی خۆمان‌و لەبەردەستمان بێت بە واژۆوە تا ئێمەش لەهەنگاوەكانی داهاتوی پەرلەمانی كوردستان یاخود كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەشداربین، بەڵام كاتێك هیچ گرنتیەكت پێنەدرێت‌و رێككەوتنەكە واژۆ نەكرێت‌و بەتایبەتیش چارەسەری كێشەی پارێزگاری كەركوك نەكرێت، چۆن دەبێت یەكێتی بچێتە ناو پرۆسەیەكی ئاوای نیشتمانیەوە بەدۆراوی.

ئاوێنە: یەكێتی مەبەستی چیە لەوەی گرێی دەست خراوەتە دەم، ئاماژەیە بۆ قۆڵبونەوەی ناكۆكییەكانی لەگەڵ پارتی؟

وەستا رەسوڵ: ئێستا ناكۆكییەكانی ئێمە لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان ناكۆكی دو حزب نیە، ناكۆكی بەرەیەكی نیشتمانی كوردستانیە لەگەڵ حزبێكی سیاسی كە نایەوێت هاوكاربێت بۆ ئەو پرسە گرنگانەی كە رەهەندی نیشتمانییان هەیە، ئێمە لەسەر چارەسەری كێشە نیشتمانییەكان هەر كارێك پێویست بێت دەیكەین، ئیتر گرێی دەستە، یاخود گرێی دانە.


ئاوێنە: نیگەرانن لەبزوتنەوەی گۆران؟

 
وەستا رەسوڵ: بزوتنەوەی گۆران حزبێكی سیاسی كوردستانە‌و رێز لەبریارە سیاسییەكەیان دەگرین، بەڵام بە بروای من ئەوان زۆنی سلێمانیان تێكدا.

ئاوێنە: هەنگاوی داهاتوی یەكێتی چییە؟

 وەستا رەسوڵ: لەرێگەی هەمو كەناڵێكەوە هەوڵی سەرخستنی ئەم پرۆژە نیشتمانییە دەدەین‌و كاری لەسەر دەكەین.

ئاوێنە: ئایا یەكێتی هەوڵی دو ئیدارەیی دەدات‌و بزوتنەوەی گۆران رێگربوبێت لەبەردەم ئەو هەوڵەی یەكێتی بەتایبەت دوای ئەوەی لەگەڵ پارتی رێككەوتنی سیاسی واژۆكرد؟

وەستا رەسوڵ: بابەتی دو ئیدارەیی یاخود لامەركەزی هەردوكیان بۆ سلێمانی گرنگە‌و پێویستیشە، با هیچ كەسێك ئەم راستیە نەشارێتەوە، جا بزوتنەوەی گۆران ئەگەر خۆی لەم راستیە لابدات غەدر لەسلێمانی دەكات، سلێمانی ناوچەیەكە بەراورد بە هەولێر ئاوەدانكردنەوەی تێدا ناكرێت، ئەو قۆرخكارییەی لەپرسی بودجە لەچەند ساڵی رابردو لەهەولێر كراوە دەمێكە ئیشمان لەسەری كردوە‌و پێشتلریش كارمان لەسەر پرۆژەی لامەركەزی كردوە، بۆیە هەرچی بێتە پێشەوە قازانجی زۆنی سلێمانی‌و رەهەندی نیشتمانی تێدا بێت دەیكەین.

ئاوێنە: پێتوانیە لەم هەنگاوەدا یەكێتی بە تەنهایە، لەكاتێدا جگە لەیەكێتی تەواوی حزبەكان ئامادەی دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان بون؟

 وەستا رەسوڵ: ئێمە یەكێتی نیشتمانی كوردستانین، خاوەنی راوبۆچون‌و بریاری خۆمانین، هەر حزبێكیش دێت دەستمان لەگەڵ دەگرێت بۆ پرۆژەیەكی گرنگ كە هەمو رەهەندە نیشتمانییەكانی تێدا بێت، بەخێرهاتنی دەكەین، لەگەڵیشماندا نایەت ئێمە رێزی بریارەكەی دەگرین.

ئاوێنە: ئایا یەكێتی دەیەوێت لەرێگەی سەرۆك كۆماری عێراقەوە چارەسەری دۆخی كەركوك بكات‌و پارێزگارێك دابنێت؟

 وەستا رەسوڵ: پێمخۆشە هەمو لایەك ئەو راستیە بزانێت پرسی كەركوك نە پەیوەندی بە عێراقەوە هەیە نە پرسی سەرۆك كۆماری عێراق، بەڵكو تەنها پەیوەندی بە كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكەوە هەیە، كوردیش لەو ئەنجومەنە لەچوارچێوەی لیستی برایەتی كەركوك زۆرینەیە، لەناو لیستەكەش ئەندامانی پارتی زۆرینەن، لەبەرئەوەی كاتی خۆی ئەندامەكانی یەكێتی بون بە پەرلەمانتار‌و لەئەنجومەنەكە نەماون‌و خەڵكانی سەر بە پارتی دیموكراتی كوردستان شوێنەكانیان پركردوەتەوە، چونكە بە زنجیرەی ناوەكان بوە، ئێستا تەنها چارەسەری كێشەی پارێزگار لای ئەم ئەنجومەنەیە ئەم ئەنجومەنەش پارتی ناهێڵێت كۆببێتەوە تا پارێزگارێكی كورد هەڵببژێردرێت‌و هیچ پەیوەندییەكی بە سەرۆك كۆمار یان شوێنێكی دیكەوە نیە.
ئێمە وەك یەكێتی سورین لەسەر ئەو پرۆژە سیاسیەی پێشتر رامانگەیاندوە، بەڵام كاتێك پرۆژەكە وەك رێككەوتنی نێوان ئێمە‌و پارتی واژۆ نەكرێت ئێمە قەناعەتمان بە هیچ نیە.

ئاوێنە: كۆبونەوەكەی دوێنێی پەرلەمان بەبێ‌ یەكێتی هیچ كاریگەرییەكی دیكەی لەسەر پرۆژەی  رەشنوسی رێككەوتنەكە نەكردوە، مەبەستم ئەوەیە داواكارییەكانی یەكێتی زیاد نەكردوە؟

 
وەستا رەسوڵ: پەرلەمانێكە لەپەرلەمانەكەی دوای 31 ی ئاب دەچێت، كە كاتی خۆی هەندێك برادەرانی ئێمەیان بەزۆر بانگ كرد تا شەرعیەتی پێ بدەن، ئێستا رەنگە هەندێك لەو لایەنانە رازی كرابێتن بە جۆرێك لەپۆست‌و شتی تر، رێككەوتنێك كراوە‌و لای ئێمە ئاساییە، یەكێتی پرۆژەكەی بەلاوە گرنگترە هەركات پارتی دیموكراتی كوردستان واژۆی كرد ئێمە لەپەرلەمان‌و حكومەت بەشدار دەبین.
 


زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
بەغدا دەستی بەکردنەوەی هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی هەرێم کرد
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
كه‌شناسێكی كورد واده‌ی هاتنی شه‌پۆلێكی بارانباران و هه‌وره‌ بروسكه‌ی راگه‌یاند
ئۆتۆمبێلی ئەندامێكی پێشوی سەركردایەتی یەكێتی لە سەرچنار تەقییەوە
ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی پێنج بەپلەبەرزکردنەوەوە بەردەوامە
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×