2021-01-01   775     
بڕیاره حكومهتی ههرێمی كوردستان كارهبا لهتوركیا بكڕێتو ئەندامێكی لیژنەی وزەو سامانە سروشتییەکانی پهرلهمانی كوردستانیش ئهو ههنگاوه به "زۆر مەترسیدارە" وهسف دهكاتو داوای ڕاگرتنی دهكات.
ئاوێنه: چهند ڕۆژێك لهمهوبهر ئومێد ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "بڕیارە سەرەتای ساڵی نوێ گرێبەستێک بۆ کڕینی 200 مێگاوات کارەبا لەگەڵ وڵاتی تورکیا ئیمزا بکەین."
لهبهرامبهردا کاروان گەزنەیی، ئەندامی لیژنەی وزەو سامانە سروشتییەکان لهڕونكردنهوهیهكدا ڕایگهیاندووه، "کڕینی کارەبا لەتورکیا زۆر مەترسیدارەو دەبێت بوەستێندرێت."
ناوبراو ڕونیدهكاتهوه كه حکومەتی هەرێم، بۆ هەر کیلۆواتێک (٧) سەنتی لەسەر دەکەوێت، هەر مێگاواتێکیش (١٠٠٠) کیلۆواتە، واتا حکومەتی هەرێم نزیکەی (٢٠٠،٠٠٠) دووسەد هەزار کیلۆوات دەکڕێت لەبەرامبەر (١٤،٠٠٠) چواردە هەزار دۆلار بۆ هەر کاتژمێرێک؛ ئەم بڕە دەکاتە، (٣٣٦،٠٠٠) هەزار دۆلار لەڕۆژێکداو نزیکەی (١٢٠،٠٠٠،٠٠٠) سەد و بیست ملیۆن دۆلار لەساڵێکدا. بۆ سێ ساڵ ئەم پارەیە دەکاتە نزیکەی (٣٦٥) ملیۆن دۆلار. کەواتە، حکومەتی هەرێم بۆ کڕینی کارەبا نزیکەی (٣٦٠) ملیۆن دۆلاری پێویستە، لەکاتێکدا دەتوانێت بەو بڕە پارەیە سێ هەنگاوی خۆماڵی بنێتو بەشێکی کێشەی کارەباشی پێ چارەسەربکات.
ئهو پهرلهمانتاره لهبارهی ههنگاوهكانهوه نوسیویهتی:
یەکەم: کڕینی کارەبا لەڕێگەی وزە نوێبووەکان وەکو (تاقەی شەمسی) وزەی خۆر، هەمان بڕی کارەبا بۆ ماوەی (٣٠) ساڵ بکڕێت.
دووەم: دەتوانێت پاوەرپلانتێکی نوێ دروستبکاتو لەماوەی ٣-٤ ساڵ بڕی ٤٠٠-٥٠٠ مێگاوات کارەبا بەرهەمبهێنێت.
سێیەم: یان دەتوانێت بەهەمان بڕ لەڕێگەی گازی سروشتی هەمان بڕو بگرە زیاتریش بەرهەم بهێنێت! کەواتە، هۆکاری کڕنی کارەبا لەتورکیا چییە!
کاروان گەزنەیی ڕاشیگهیاندووه، لەکاتێکدا حکومەتی هەرێم لەئێستادا توانای بەرهەمهێنانی وێستگە کارەباییەکانی نزیکبووەتەوە لە (٧٠٠٠) مێگاوات، بەکۆی گشتی نزیکەی (٣٥٠٠-٣٨٠٠) مێگاوات بەرهەمدەهێنێت بەگوێرەی کات. لەهەمانکاتدا، کێشەی کارەبا بەردەوامەو دەکرێت بۆ کۆتایهێنان بەم کێشەیە سود لەوزە نوێبووەوەکان وەربگیرێت، بەڵام لەهەموو بارێک دەبێت کڕینی کارەبا لەتورکیا ڕەتبکرێتەوە و ڕابگیرێت.
بهبۆچونی ئهندامهكهی لیژنەی وزەو سامانە سروشتییەکان، "ئەمە هەنگاوێکی مەترسیدارەو زیانێکی گەورە بەحکومەتی هەرێمو هاوڵاتیان دەگەیێنێتو کێشەی کارەباش وەکو خۆی بەهەڵپەسێردراوی دەمێنێتەوە؛ ئەم هەنگاوە مەترسیدارەو پێویستە لەلایەن سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانەوە ڕابگیرێت."